Muhammet Ali Kemal
02 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2015
برۆکسل
سكرتێری گشتی پەیمانی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ، رایگەیاند "بەمەبەستی پشتیوانی كردن لە هێزی ئاسمانی توركیا، بەریتانیا فڕۆكە دەنێرێتە بنكەی ئینجیرلیك و دانمارك كەشتییەكی جەنگی لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیردەكات".
ستۆڵتنبێرگ لەدوای كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە پەیمانی ناتۆ، زانیاری سەبارەت بە بابەتەكانی تاوتوێكراوی نێو كۆبوونەوەكە دایە رۆژنامەوانان.
باسی لەوە كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی فراوانیان سەبارەت بە رووداو و پێشهاتەكانی باكووری ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كردووە و باسی ئەو بەرەوپێشچوونانەیان كردووە كە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بەدەستی هێناوە.
سكرتێری گشتی پەیمانی ناتۆ باسی لەوە كرد كە گفتوگۆیان سەبارەت بەو پرۆسەیە كردووە كە لە ڤیەننا بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسیی بۆ قەیرانی سووریا، دەستی پێكراوە و گوتی: "تاوتوێی خستنە خوارەوەی فڕۆكە رووسییەكەشمان كرد كە هەفتەی رابردوو خرایە خوارەوە. توركیا مافی بەرگری كردنی لە یەكپارچەیی خاكەكەی و لە كایەی ئاسمانی خۆی هەیە. لەئێستادا خاوكردنەوەی گرژییەكان زۆر گرنگە. من پشتیوانی لە دایالۆگی راستەوخۆی نێوان ئەنقەرە و مۆسكۆ دەكەم. لەبەر ئەوەی ئەو ناڕەحەتییانەی لە باشوورەوە دێن زۆر مەترسیدار و تێكەڵاون".
یانس ستۆڵتنبێرگ باسی لەوبڕیارانە كرد كە لە كۆبوونەوەكەیاندا داویانە و گوتی: "یەكەمیان فەراهەمكردنی بەرگری دەستەجەمعی، دووەم هاوكار بوون بۆ ئیدارەدانی ئەو قەیرانانەی بوونیان هەیە، سێیەم هاوكار بوون و كاری هاوبەش بۆ گەیاندنی ناوچەكە بە سەقامگیری".
ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە كرد كە كارەكان سەبارەت بە دژە مووشەكەكان و فڕۆكەكانی هەواڵگری بێ فڕۆكەوانە نوێیەكان بەردەوامە و ناتۆ میكانیزمەكانی هەواڵگری و ئاگاداری پیشوەختی بەرەوپێشبردووە.
- فڕۆكە و كەشتی دەنێردرێت
سكرتێری گشتی پەیمانی ناتۆ لەوەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئەو پشتیوانییانەوە دوا كە پێشكەشی توركیا دەكرێت. باسی لەوە كرد كە ئەوان ماوەیەكی درێژە پشتیوانی لە هێزی ئاسمانی توركیا دەكەن و گوتی: "ئەوەشی كە ئێستا ئەنجامی دەدەین درێژەدانە بەمە و گۆڕینی ژمارەیەك كارە بە ژمارەیەك كاری دیكە. بۆ نموونە بەریتانیا لەچوارچێوەی بڕیارەكانی ناتۆدا ئامادەیی خۆی بۆ ناردنی فڕۆكە بۆ بنكەی سەربازی ئینجیرلیك دەربڕیووە. ئەمە جگە لەوەی كە دانمارك لەچوارچێوەی بەرگری دەریایی ناتۆدا ئاماژەی بەوە كردووە كە كەشتی جەنگی بەمەبەستی جێگیركردنی لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، دەنێرێت. ئەم بڕیارانە زۆر لە پێش رووداوەكەی هەفتەی پێشووەوە (خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆكە رووسییەی كە كایەی ئاسمانی بەزاندبوو) پلانی بۆ دانرابوو، هیچ پەیوەندییەكیان بەم رووداوەوە نییە. چونكە ئێمە ئەم بڕیارانەمان لەپێشترەوە دابوو".