Hemın Othman Mohammed
05 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2016
فەرماندەی هێزەكانی پەیمانی ناتۆ لە ئەورووپا جەنەراڵ فلیپ بریدڵەڤ رایگەیاند كە پێویستە پەیمانەكە بەرامبەر هەڕەشەكانی رووسیا، بوونی خۆی لە خۆرهەڵاتی ئەورووپا و وڵاتانی دەریای باڵتیک زیاد بكات.
لە لێدوانێكیدا بۆ تەلەڤزیۆنی ERRی ئەستۆنیا، ئەو جەنەڕاڵە ئەمریكیە ئاماژەی بەوە كرد كە سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین، خاوەنی سوپایەكی بەهێزە و سەربازی رووسی لە سووریا و خۆرهەڵاتی ئۆكراینا خۆی نیشان دا و گوتی: "پوتین، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا وەبەرهێنانی زۆری لەناو سوپادا كردووە. توانای مووشەكی رووسیا زۆر بەهێزە. كەشتی و ژیردەریاییەكانی بە مووشەك پڕكردووە".
بریدڵەڤ، بە پێویستی زانی پەیمانی ناتۆ توانای سەربازی رووسیا رابگرێت و گوتی: "پێویستە پەیمانی ناتۆ هێزەكانی لە خۆرهەڵاتی ئەورووپا و وڵاتانی دەریای باڵتی جێگیر بكات. ئەو كات پوتین كە تەماشای لایەنی بەرامبەری دەكات وڵاتیك بەدی ناكات، بەڵكو ناتۆ دەبینێت. ئەگەر سنوور ببەزێنیت ئەوا رووبەڕووی وڵاتێك نابێتەوە، بەڵكو رووبەڕووی ناتۆ دەبێتەوە".
بریدڵەڤ جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە ناتۆ بەشێوەیەكی جددی چاودێری هەڵمەتەكانی رووسیا بكات.