Abdullah Shukur
02 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2015
واشنتۆن
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جولیا ماسۆن وەک وەڵامێک بۆ پرسیاری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "دەنگۆی مامەڵەی نەوتی تورکیا لەگەڵ داعش رەتدەکەنەوە و ھیچ بەڵگەیەک نابینین بۆ پاڵپشتیکردن لەو تۆمەتە".
ماسۆن گوتیشی: "ھەروەکو چەندین جارە ئاماژەمان پێ کردووە. دڵخۆشین بە بەرەنگاربوونەوەی رووسیا دژی داعش لە سووریا، بەڵام روودانی ئەم رووداوە (خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسی) و ئۆپەراسیۆنەکانی رووسیا لەو ناوچەیە ئیشارەت بە کۆمەڵە پرسیارێک دەکات لەسەر بوونی رووسیا لە وڵاتی سووریا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە. ھەروەکو سەرۆک ئۆباما ئاماژەی پێ کردووە، پاڵپشتی لە مافی تورکیا لەبەرگریکردنی سنوور و خاکی خۆی دەکەین".
لەلایەکی دیکەش گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی پێداگری سرووشتی بەفەرماندەیی ئەمریکا لە دژی داعش، ستیڤ وارێن دەنگۆی کڕینی نەوتی داعش لە لایەن تورکیای بە "بێ بنەما" ناوبرد.
وارێن بە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە لە شاری بەغداوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی ئەمریکای دایەوە. وارین راشیگەیاند کە ئەوان بە تەواوی دەنگۆی ھەماھەنگی داعش و تورکیا رەتدەکەنەوە. گوتیشی: "ئەمە شتێکی بێ بنەماو گاڵتەجارە. ئەم بوچوونە بەتەواوی رەت دەکەینەوە".
وارێن ئاشکراشی کرد کە تورکیا رۆڵێکی بەرچاوی ھەیە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لەناوچەکەدا. گوتیشی: "تورکیا میوانداری فڕۆکەکانمان دەکات کە ھێرش دەکەنە سەر داعش. تورکیا بووە ھاوبەشێکی تەواو لەمبارەیەوە. بەم پێیەش دەنگۆی کارکردنی حکوومەتی تورکیا لەگەڵ داعش ھەڵبەستراوە و دوورە لە راستی".