Sarmand Hameed
26 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2022
هەولێر - AA
سەرۆكی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازیی کرد لە شاندێكی باڵای هاوپەیمانی سەروەریی كە پێكهاتبوو لە سەرۆكی هاوپەیمانییەکە، خەمیس خەنجەر و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد جبوری.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە بارەگای بارزانی-یەوە بڵاوکراوەتەوە لە دیدارەكەدا، تیشك خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و كۆسپ و گرفتەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و جەخت لەسەر هەوڵدان بۆ كۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسیی و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراقی كرایەوە.
دوای هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەریی و رەوتی سەدر هاوپەیمانییەکیان لەژێر ناوی رزگارکردنی نیشتمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهێناوە.