Muhammed Karim Saedgul
26 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2022
ھەولێر – AA
لیژنەی بەدواداچوونی راستییەکانی سەربە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راپۆرتی کۆتایی خۆی سەبارەت بە ھێرشە مووشەکییەکەی ١٣ی ئاداری سەر شاری ھەولێر راگەیاند.
دوای ھێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر شاری ھەولێر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی بەسەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران حاکم زاملی و ئەندامێتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان شاخەوان عەبدوڵڵا و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، دەوڵەتی یاسا، فەتح و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سیادە بۆ بەدواداچوونی لە راستییەکاندا پێکھێنا.
راپۆرتە کۆتاییەکەی لیژنەکە لە پێشەکییەک و پێنج بڕگە پێکھاتووە و بە وردی باس لە کاری لیژنەکە و دیدار و کۆبوونەوەکان و وەرگرتنی لێدوانی لایەن و کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان دەکات.
ھەر بەپێی راپۆرتەکە، لیژنەی ناوبراو چووەتە شوێنی رووداوەکە و چەند پرسیارێک ئاراستەی خاوەنی ئەو ماڵەی کە ھێرشەکە کراوەتە سەری کراوە و ئەویش لە وەڵامدا دڵنیایی لە نەبوونی ھیچ چالاکییەکی گوماناوی لە نێو خانووەکەیدا داوە.
لە راپۆرتی کۆتایی لیژنەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دوای سەردانی لیژنەکە بۆ شوێنی رووداوەکە ھیچ بەڵگەیەکی گوماناوی و ئاماژەیەک بۆ ھەبوونی وایەر، ئامێر و پێداویستی کە بۆ کاری سیخوری بەکاربێـت لە ناوچەکەدا نەدۆزیوەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا ھاتووە:
"وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم و بەرپرسە ئەمنییەکان جەختیان لە نەبوونی چالاکیی ھەواڵگریی ھیچ وڵاتێکی بیانی لەسەر خاکی ھەرێم کردووەتەوە و رایانگەیاندووە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێگە بە ھیچ وڵاتێک نادات خاکەکەی بۆ ھێرشکردنە سەر ھەر وڵاتێکی دیکە بەکاربھێندرێـت".
لە راپۆرتە کۆتاییەکەی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەکاندا باس لەوە کراوە کە پرسیاری "ئایا ھیچ ئاگادارکردنەوە و پەیامێکتان لە لایەن ئێرانەوە سەبارەت بە ھەبوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە ھەولێر ئاراستە کراوە" لە بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق و بریکاری دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانیی عێراق کراوە و ئەوانیش لە وەڵامدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لایەنی ئێرانی ھیچ زانیارییەکیان بەشێوەیەکی نووسینەکی بە لایەنی عێراقی رانەگەیاندووە.
لیژنەکە لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا جەخت لە بەدینەکردنی ھیچ چالاکییەکی سیاسی لەو خانووەی کە ھێرشکراوەتە سەری کردووەتەوە.