Rewa Mahmood Hasan
25 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2022
سلێمانی - AA
ماوەی چەند ساڵێکە سی دی فرۆشێک لە شەقامی سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی، بۆتە جێی سەرنجی هاووڵاتییانو گەشتیاران.
ئەو بەدەم لێدانی ئەو سی دی گۆرانیبێژانەی دەیفرۆشێت، گۆرانییەکان دەڵێتەوە و بەتەواوی دەچێتە ناو وشەکانی گۆرانییەکەوە کە دەیڵێتەوە، هەر ئەمەش وای کردووە کە سەرنجی زۆرێک لە هاووڵاتییان بۆخۆی رابکێشێت بەتایبەت ئەو گەشتیارانەی کە روو دەکەنە سلێمانی.
ئەو ناوی ئیبراهیم سەعید محەمەد ئەحمەدە و لە دایکبووی ١٩٧١ە و سەبارەت بە سەرەتای کارەکەی دەڵێت: "سەرەتا بە فرۆشتنی نوقل و بنێشت دەستم پێ کرد لە سەیرانگای نەورۆز لە مەشتەلەکەی سلێمانی".
ئیبراهیم سەعید محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتێك نوقڵ و چکلێتم دەفرۆشت بۆ ئەوە دامنا کە دڵی خەڵکەکەی پێخۆش بکەم و دەمگووت 'چواردانە بە دینارێکە چوار دانە بە یەک دینار، پێ مەکەنە پێ مەکەنە، پێ بکەنە پێ بکەنە' ".
ئیبراهیم ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکی سلێمانی هەر لەوکاتەوە کە لە مەشتەلەکەی سلێمانی سەرقاڵی فرۆشتنی نوقڵ و چکلێت بووە بۆتە جێی سەرنجی هاووڵاتییان و دواتر بیر لەوە دەکاتەوە کە سەرقاڵی فرۆشتنی سی دی بێت.
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ''ئیتر بەو قسانە ناسرام سوپاس بۆ خوا، خەڵکی زۆرمنایان خۆش دەوێت منیش زۆرم خۆش دەوێن، ئالێرەوە پیان ئەلێم بەقوربانی دڵتان بم بەقوربانی چاوتان بم بەتایبەت خەڵکی سلێمانی، هەولێر، زاخۆ، دهۆک، چەمچەماڵ، کەرکوک، کەلار، هەڵەبجە، هەورامان و رانیە. ئێستا لێرەم لە سەهۆڵەکە، زۆرکەس سەردانم دەکەن لە گەشتیارانی عەرەب و لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستانەوە".
سەبارەت بەوەی کە چۆن زیاتر ناسراو بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەنێو هاووڵاتییاندا، ئیبراهیم-ی سی دی فرۆش دەڵێت: ''گۆرانییەکی کۆنی هونەرمەند کاروان نوری هەیە بەناوی 'باوەگیان ئای چەندم خۆش ئەوێت' بەهۆی ئەوەوە کاروان نوری مردبوو، زیندووم کردەوە بەدڵ بۆم کرد بە ئیحساس بۆم کرد".
ئیبراهیم باس لەوە دەکات کە خەڵک لە زاخۆ، هەولێر و کەرکوکەوە دەچن بۆ لای و بۆ گۆرانییەکەی کاروان نوری.
ئەو دەڵێت: ''من هیچ شتێکم ناوێت تەنیا ئەم جێگایە نەبێت کە ئیشی تیا دەکەم و دڵی خەڵکی خۆش بکەم، بەس ئەوەم دەوێت. سوپاس بۆخوا کارەکەم باشە پێشتر لە سەعات چوار دەهاتم هەتا دووی شەو، بەڵام لە رەمەزانە دوای بانگی مەغریب دێم هەتا یەکی شەو".