Sarmand Hameed
26 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2022
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەزگاکانی سەربە ئەنجوومەنەکە پیلانێکی مەترسیداری رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لەسەر هەرێمی کوردستان پووچەڵ دەکەنەوە و دەست بەسەر رێژەیەکی زۆر لە ماددەی تەقینەوە و کەلوپەلی سەربازییدا دەگرن.
لەو راگەیەندراوەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە "لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەپێناو ئارامی و ئاسایش بۆ هاونیشتمانییان و هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش لە رێکەوتی ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢ لە سنووری پارێزگای دهۆک توانیان دەست بگرن بەسەر یەک تۆن ماددەی تەقینەوە لە جۆری پی ئی تی ئێن، ١٠ مووشەکی کۆنکۆرسی دژە تانک، ٢٣ی ماتۆڕی درۆنی هێرشبەر، هەزار و ٢٠٠ ماسکی دژەگاز و ٣٧٥ یەدەگی چەکی کلاشینکۆڤ".
لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو ماددانە لەلایەن بەناو بەرپرسێکی تیرۆریستانی یەپەگەوە دراوەتە کەسێک تاوەکو بیگەیەنێتە تیرۆریستانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستیی و تیایدا هاتووە "لە ئاکامی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تۆمەتبار یونس ئەحمەد قاسم سلێمان، دەرکەوت، ناوبراو لە رێگەی بەرپرسێکی یەپەگە بەناوی رۆدی حوسێن تەواوی ئەو ماددە و کەلوپەلانەی بەدەست گەیشتووە بەمەبەستی گەیاندنی بە دەستی چەکدارانی پەکەکە تاوەکو لە هەرێمی کوردستان بەکاری بهێنن".