Zana Natık Kerem
20 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی پرۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، بە سەرکەوتنی ھەرێم لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەی دیموکراسی لەقەڵەمدا و داوای کرد کە ھەرچی زووە کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم پێکبھێندرێت.
مەسرور بارزانی پەیامێکی لەبارەی کۆتاییھاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرکەوتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، سەرکەوتنی ھەرێم بوو لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەی دیموکراسییدا.
ڕاشیگەیاندووە: "بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە دەکەم، سوپاسی خۆڕاگری و بەشداریی کارای ھاووڵاتییان و بە تایبەت خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان دەکەم".
ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، سوپاسی کۆمیسیونی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقی کردووە و ڕایگەیاندووە: "ھەرچەندە بەشدارینەکردنی ڕێژەیەکی زۆری ھاووڵاتییان بە ھۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بووە جێگەی نیگەرانیمان، بەڵام پێویستە ھەوڵی جیددی بدرێت لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا، ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن و مافی دەنگدانی ھەر ھاووڵاتییەک بە تەواوەتی مسۆگەر بکرێت".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ھاتووە: "ئومێد دەخوازم بە ھەبوونی پەرلەمانێکی کارا و بە بەشداریی دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران، بتواندرێت ھەرچی زووترە، کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم بخرێتە خزمەتی ئارامی، ئاوەدانی، پێکەوەیی و پێشکەوتنی زیاتری ھەرێمی کوردستان".