Zana Natık Kerem
20 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2024
ھەولێر ــ AA
دوای کۆتاییھاتنی پڕۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند: "ھیوادارین مەرجەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان-عێراق تەواو بکرێت".
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی و حکوومەتی ھەرێم، هەروەها سەرجەم ھێزە سیاسییەکان و کاندیدە سەربەخۆکان کردووە، بەبۆنەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی ھەرێمی کورستان.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاندووە: "درێژەدان بە ھەڵبژاردنی دیموکراسی لە عێراق، ڕێزگرتنە لە بەھای دیموکراسی و باوەڕبوون بە گواستنەوەی دەسەڵات بە ئاشتییانە و چەسپاندنی پێکھاتەی دەستووریی".
ھەروەھا باسی لەوەش کردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ھەوڵەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بەرز نرخاندووە، بەبۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ڕایگەیاندووە: "ھیوادارین مەرجەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان-عێراق تەواو بکرێت، ئەوەش لەپێناو بەردەوامبوونی پرۆسەی گەشەپێدان و خزمەتکردنی ھاووڵاتییان لە ھەرێم".