Zana Natık Kerem
11 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2024
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید ڕایگەیاند کە گرنگە عێراق و ئێران لە ڕێگای دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی ھاوبەش، شایستە داراییەکانیان بە یەکتر بدەنەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولـلەتیف ڕەشید پێشوازی لە سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، سەرکۆماری عێراق کە ئێران دراوسێیەکی گرنگی عێراقە و پێگەیەکی گەورەی لە ناوچەکدا ھەیە، ھەروەھا عێراقیش بە پاڵپشتی لە ھاریکاریەکی ھاوبەش دەکات، لەپێناو بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، چەسپاندنی ئاسایشی سنوورەکان و کارکردن بۆ کۆتاییھێنان بە گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە عەبدولـلەتیف ڕەشید ھەروەھا جەختی کردووەتەوە لە پێویستی جێبەجێکردنی رێککەوتننامە و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان عێراق و ئێران و پتەتروکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
باسی لەوەش کردووە کە سەرکۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشداوە کە دیاردەی گۆڕانی ئاووھەوا، یەکێکە لە ئاڵنگارییە ھەرە دیارەکانی بەردەم ھەردوو وڵات و جیھان بە گشتی و دووپاتی کردووەتەوە کە گرنگە عێراق و ئێران پێکەوە کار بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئاووھەوا، ھەروەھا داوای کردووە کە ڕێڕەوە ئاوییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات بکرێنەوە و ھەمووان بگەن بە لێکتێگەیشتنێک کە جێگای ڕەزامەندی بێت سەبارەت بە دابەشکردنی ئاو.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید ڕاشیگەیاند کە گرنگە عێراق و ئێران لە ڕێگای دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی ھاوبەش، شایستە داراییەکانیان بە یەکتر بدەنەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە عەبدولـلەتیف ڕەشید سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییەی کردووە کە لە کۆتایی مانگی تەمووزی ڕابردوودا کرایە سەر ئێران و بەھۆیەوە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە کوژراو و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھەڵوێستی عێراق لەبەرامبەر دۆزی فەڵەستین پتەو و نەگوڕە.
ھەروەھا سەرکۆماری عێراق دەستدرێژییە دڕندانەکانی قەوارەی زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە و خاکی فەڵەستین سەرکۆنە کردووە و پاڵپشتی پشتگیری بۆ ھەر دەستپێشخەرییەکی ھەرێمی یان نێودەوڵەتی دوپات کردووەتەوە بۆ نەھێشتنی گرژییەکان و بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە دیدارەکەدا سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی پەرۆشی ئەوەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا پتەوتر بکات.
ڕاشیگەیاندووە کە مەسعود پزیشکیان داوای کردووە، لێژنەیەکی ھاوبەشی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا پێکبھێندرێت، لەپێناو داڕشتنی بەرنامەیەکی ستراتیژی بۆ ھاریکاری ھاوبەش لە بوارەکانی تەندروستی، ژینگە، پیشەسازی، ئاسایش و گەشتوگوزار کە ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان بە مەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، بەسەردانێک گەیشتە بەغدا.
چاوەڕان دەکرێت مەسعود پزیشکیان دوای کۆتایی ھاتنی دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە بەغدا، سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات.