Heman Hussein Yaseen
09 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جینین ھینیس پلاسخارت کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەیەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشھات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە کراوە و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق و ئاماژەی بەوەشکردووە کە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بەردەوامن و راشیگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکیان ئەوەیە بگەن بە رێککەوتن بە شێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانیانان پارێزراو بن.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، بەڵام ھەرێمی کوردستان وەک پەناگەیەکی ئارام، بەردەوام پێشوازی لە ئاوارە و پەنابەران کردووە و ھاوکاری پێویستی پێشکەش کردوون.
ئەوەش روونکراوەتەوە کە لە بارەی دۆخی کەرکووک، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و ئاساییکردنەوەی باردۆخی ناوچەکە.