Sarmand Hameed
09 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە دیالۆگی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەردوولا و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکاندا، پێویستی بە میکانیزمێکی گونجاوی باشتر ھەیە، ھەروەھا ڕوونی کردەوە کە مەرج نییە لیژنەکانی نێوان ھەردوولا سیاسی بن، بەڵکو لە زۆر بواردا لیژنەکان دەکرێ تەکنیکی بن.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین هێنیس-پلاسخارت، نێچیرڤان بارزانی، ستایشی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە عێراق کرد و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی ڕۆڵی یوونامی بۆ ھاوکاری و یارمەتیدانی حکوومەتی فیدرالی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر بەردەوامیی دیالۆگ و چارەسەرکردنی کێشەکان کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا، پرسی بوودجەی گشتیی ساڵی داھاتووی عێراق، بارودۆخی پارێزگای کەرکووک و چۆنیەتیی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، ناوچە جێناکۆکەکان و ماددەی (١٤٠)، پرۆسەی سیاسیی عێراق و دۆخی ئەمنیی وڵات، ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانی خۆیان، دۆخی ئاوارە ئێزدییەکان و ناوچەی شنگال و چەند پرسێکی دیکەیان تاوتوێ کرد.