Zana Natık Kerem
22 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل رایگەیاند کە گرنگترین ھۆکاری دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەیە و ئاماژەی بەوەیش دا کە جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنی شنگال، رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر لاوازبوونی شکۆی دەوڵەت، ھەروەھا پەکەکە و ئەو ھێزانەی کە لە دەرەوەی سنوورەوە ھاتوون و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکە بەھێز دەکات.
مەحما خەلیل راگەیەندراوێکی لەبارەی جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنی شنگال کە لەنێوان ھەولێر و بەغدا بە ئامانجی دەرچوونی گرووپە چەکدارەکان لە شنگال واژووکراوە، بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "ئەوەی ئاستەنگی لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دروست کردووە، پەکەکە و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دەرچوو لە یاسایە، ئەوەیش بە ئامانجی ھێشتنەوەی نەبوونی شکۆی دەوڵەت و بەردەوامیدان بە بازرگانیکردن بە ماددە قەدەغەکراوەکان کە پارەی زۆریان لێ دەست دەکەوێت".
لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ھاتووە "جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنی شنگال، رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر لاوازبوونی شکۆی دەوڵەت، ھەروەھا پەکەکە و ئەو ھێزانەیش کە لە دەرەوەی سنوورەوە ھاتوون و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکە بەھێز دەکات".
قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل راشیگەیاندووە "ھیچ جێگرەوەیەک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە نییە، چونکە بووەتە دەستووریی و ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەیش، ئەوەیان سەلماند کە دانیشتوانی قەزای شنگال لەگەڵ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دان".
دوێنێ یەکشەممە، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاندبوو کە ھیچ ئاستەنگێک لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال-دا نییە و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیش بەردەوامە.
ئەمەیش لە کاتێکدایە پێشتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاندبوو کە پەکەکە و ھێزە لە یاسا دەرچووەکان کۆنترۆڵی شنگال-یان کردووە و بەو ھۆیەشەوە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.