Heman Hussein Yaseen
22 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف رایگەیاند کە کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان بە یاسا رێکخراوە و ئەمەش بووەتە ھۆی بەشدارییکردنی پێکھاتەکان لە کایەی سیاسییدا.
ئایدن مەعروف لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، تیشکی خستەسەر رۆڵی پێکھاتەکان و دۆخی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان و گوتی: "بۆ ھەموو لایەک ئاشکرایە کە بوونی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستاندا گرنگە. لە ھەمان کاتدا بەشداریکردنی پێکھاتەکان بە رێگای کورسی کۆتا گرنگیی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، ئێمەیش وەک وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە ھەموو کات زیاتر پپشتیوانی داواکارییەکانی پێکھاتەکان دەکەین، ھاوکات حکوومەتی ھەرێمیش پشتگیریی لە پێکھاتەکان دەکات، ئەم پشتیوانییەش گرنگە بۆ بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسییدا".
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان هەروەها ئاماژەی بە کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان کرد و دژایەتی خۆی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند و گوتی: "لە رابردوودا زۆر باسی کورسی کۆتاکان کرا و ھەندێک لایەن پرۆژە و پێشنیازیان ھەیە بۆ کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان، بێگومان بەشداربوونیان بە کورسی کۆتا، پشتیوانییەکی مەعنەوییە بۆ پێکھاتەکان و ئەوان ھیچ کاتێک مەترسی نەبوون بۆسەر ھەرێمی کوردستان، بەڵکو ئەم پێکەوەژیانە سیمایەکی جوانتری بەخشیووەتە ھەرێمی کوردستان".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "کورسی کۆتاکان بە یاسا رێکخراوە بۆ ئەوەی نوێنەری پێکھاتەکان بەبێ جیاوازی بوونیان لە حکوومەتدا ھەبێت و لەئێستاشدا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی جیددیی پێکھاتەکانە و زەمینەی رەخساندووە کە پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر پەرەی پێ بدرێت".
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئەوەیشی خستەڕوو کە لە داھاتوودا، بەنیازن لەگەڵ نوێنەری پێکھاتەکان کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن و تیایدا گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و مافی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان بکەن و گوتی: "لە داھاتوو لەگەڵ نوێنەری پێکھاتەکان کۆبوونەوەیەکی راوێژکارییمان دەبێت بۆ ئەوەی ھەموومان بتوانین زیاتر پەرە بە پەیوەندی نێوان پێکھاتەکان و دۆخی پێکەوەژیان لە ھەریمی کوردستان بدەین".
لەماوەکانی رابردوو، چەند لایەنێک پێشنیازی کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکانیان لە پەرلەمانی کوردستان کرد و ئەمەش رەخنە و گلەیی لەلای بەشیک لە لایەنەکانی دیکەی نێو پەرلەمان دروست کرد و دژی پێشنیازەکە وەستانەوە و ئەمڕۆش وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف کە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیە پێکهاتەکانی گرتووەتە ئەستۆ، دژایەتی خۆی بۆ کەمکردنەوەی کورسی کۆتا رایگەیاند و جەختی لەوەکردەوە کە پێکهاتەکان بەشێکن لە هەرێمی کوردستان و بەشدارن لە پڕۆسەی سیاسییدا.