Ekrem Payan,Muhammed Şamil Aliağaoğlu
22 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2021
شرنه‌خ – AA
وێڕای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له میانی ١٠ مانگدا، هه‌نارده‌كردنی كاڵا و كه‌لوپه‌ل له توركیاوه بۆ عێراق له رێگای ده‌روازه‌ی سنووریی خابوورەوە كه ده‌كه‌وێته قەزای سلۆپی سەربه پارێزگای شرنه‌خ به بەهای شه‌ش ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بووه و هه‌وڵیش ده‌درێت تا كۆتایی ئه‌مساڵ بگه‌یه‌ندرێته ١٠ ملیار دۆلار.
ده‌روازه‌ی سنووریی خابوور كه وه‌ك "كارگه‌ی بێ بزوێنه‌ر" باسی ده‌كرێت و یه‌كێكه له ده‌روازه سنوورییه هه‌ره گرنگه‌كانی توركیا، به‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له رێگای یاسای هاندانی پارێزگاكانه‌وه رێك خراوه وێرای كۆرۆناش قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی له رێگای خابووره‌وه زیادی كردووه.
له كاتێكدا له‌سه‌دا ٧٠ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له توركیاوه هه‌نارده‌ی عێراق ده‌كرێن له كه‌لوپه‌ل و پێداویستی بیناسازیی و خانووبه‌ره و خۆراك پێك دێن، به دوای ئه‌وانیشدا جلوبه‌رگ، مۆبیلیا و به‌رهه‌مه‌كانی دیكه دێن.
ساڵی رابردوو به تێكڕایی هه‌زار و ١٠٠ بۆ هه‌زار و ٣٠٠ ئۆتۆمبێل به‌و ده‌روازه سنوورییه‌دا تێپه‌ڕیوون و ١٠ مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵیش ژماره‌كه به‌رز بووه‌ته‌وه بۆ هه‌زار و ٨٠٠ تا هه‌زار و ٩٠٠.
ئه‌م جموجۆڵه زۆره له سه‌رده‌مێكدا كه ڤایرۆسی كۆرۆنا جیهانی ته‌نیووه‌ته‌وه، بووه‌ته هۆی دڵخۆشی ئه‌و شۆفێرانه‌ی كاری گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل و پێداویستی بازرگانی و هاتوچۆی نێوده‌وڵه‌تیی ده‌كه‌ن.
پارێزگاری شرنه‌خ، عه‌لی هه‌مزه په‌هلیڤان به په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگه‌یاند "ساڵی رابردوو له رێگای ئه‌م ده‌روازه سنوورییه‌وه (خابوور) به بەهای شه‌ش ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار كاڵا و كه‌لوپه‌ل هاورده كراوه، ئه‌مساڵ له ١٠ مانگی یه‌كه‌مدا، تواندراوه بگه‌یه‌ندرێته ئه‌و ژماره‌یه. هه‌وڵیش ده‌درێت تا كۆتایی ئه‌مساڵ بڕه‌كه بگه‌یه‌ندرێته ١٠ ملیار دۆلار".
شۆفێری بارهه‌ڵگر، مسته‌فا كارای ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌وان به‌چڕی كار ده‌كه‌ن و جموجۆڵێكی گه‌رم له‌ئارادایه و ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی خۆشحاڵی ئه‌وان.