Zana Natık Kerem
28 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2024
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانی شیعە لە عێراق، موقتەدا سەدر داوای کرد کە "بەبێ خوێنڕشتن"، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئالینا ڕۆمانۆسکی دەربکرێت.
موقتەدا سەدر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس ڕایگەیاندووە: "ئەوەی زایۆنی لە پاکتاوی ڕەگەزی، کۆمەڵکوژی و بۆردومانکردنی کەمپەکان لە ڕەفەح ئەنجامی دەدات، دژبە بە ھەموو کتێبە ئاسمانییەکانە".
باسی لەوەش کردووە: "قەوارەی داگیرکار (ئیسرائیل)، خەڵکی ڕەسەنی لەسەر نیشتمانی خۆیان دەرکردووە و بە پەرۆشە بۆ فراوانکردنی خۆی لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا، ھەموو ئەمانەش بە پاڵپشتی خەڵەفاوە ئەمریکییەکە، نەگریس و ستەمکردن ئەنجامی دەدات".
ئاماژەی بەوەشداوە: "دووبارە داوا دەکەم کە بەبێ خوێنڕشتن، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەربکرێت و باڵیۆزخانەی ئەمریکاش بە ڕێگای دیپلۆماسی لە عێراق دابخرێت، بۆ ئەوەی ئەخلاق و ئاشتی خۆمان بەرامبەر بە تیرۆر و نەگریسی ئەوان بسەلمێنن، ئەمەش بۆ ئەوان زیانبەخشترە و ڕێگریش دەکات لە بەکارھێنانی ھێز، بۆ ئەوەی ھیچ بیانوویەکیان نەبێت بۆ تێکدانی ئاسایشی عێراق و خەڵکەکەی".
ھەروەھا سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانی شیعە لە عێراق، موقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە: "داوایش لە ڕێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی دەکەم کە ڕۆڵی خۆیان بۆ کۆتایی ھێنان بە کۆمەڵکوژیی و دەستدرێژییەکانی دوژمنی زایۆنی بۆسەر کەسوکارەکانمان لە غەززە، ئیتر بێ دەنگیمان بەسە".
ئەمەش دوای ئەوە دێت، ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە سوپای ئیسرائیل، دوو خانوو و کەمپێکی ئاوارەکان لە باکووری ڕۆژئاوای شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە کە ١٠٠ ھەزار ئاوارەی فەڵەستینی تیایدا نیشتەجێن، بۆردومان کرد و لە ئاکامدا، ٤٥ فەڵەستینی کوژران و ٢٤٩ی دیکەش برینداربوون.
ئەو کەمپەی کە بۆردومان کرا، پێشتر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە وەک پەناگەیەکی ئارام دەست نیشان کرابوو، بۆ ئەوەی ئاوارە فەڵەستینییەکان ڕووی لێ بکەن.
ھاوکات سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدا نا کە لە ھێرشەکەی ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە بۆسەر کەمپێکی ئاوارەکان لە باکووری ڕۆژئاوای شاری ڕەفەح، ژمارەیەک کەسی مەدەنی بوونەتە قوربانی.