
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی پارتی تەقەدومی سوننە لە عێراق، محەمەد حەلبوسی ڕایگەیاند کە چاوەڕوان دەکەن لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، ٤١ کورسی بەدەست بھێنین و لەو ڕێگایەوە، ھەوڵدەدات پۆستی سەرۆکۆمار یان پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران وەربگرێت.
محەمەد حەلبوسی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی "UTV"ی عێراقی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک پارتی تەقەدوم نوێنەرایەتی زۆرینەی سوننە لە عێراق دەکەن و نەیشاردەوە کە بەھێزترین ڕکابەری ئەوان لەنێو لایەنە سوننەکاندا، سەرۆکی ھاوپەیمانی سەروەریی، خەمیس خەنجەرە.
ھەروەھا ڕاشیگەیاند کە لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەی دەنگەکانیان زیاد دەکات و گوتی: "چاوەڕوان دەکەین لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا بە زیادبوونی دەنگەکانمان، لەنێوان ٣٩ کورسی بۆ ٤١ کورسی بەدەست بھێنین، بەمەش دەبینە براوەی یەکەم لەنێو لایەنە سوننەکاندا".
گوتیشی: "بەپێی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران، کۆمەڵگای سوننە ھەر پۆستێکی ھەڵبژێرێت ئەو پۆستە وەردەگرین، چی پۆستی سەرکۆمار یان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێبەران بێت".
ئەوەشی وەبیرھێنایەوە: "قسە و ھەڵوێستەکانمان سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی سەرکۆمار لەلایەن سوننەوە، پشتڕاستکردنەوەی پرەنسیپەکانی حوکمڕانییە لە عێراق".
ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەیس دلێمی، ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵوەشاندەوە.
محەممەد حەلبوسی کە سەرۆکایەتی پارتی تەقەدوم دەکات، لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا ئەنجامدرا، ٣٧ کورسی بەدەستھێنا بە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی شیعە، سوننە و کورد بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردرا.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.