Baghdad
بەغدا - AA
وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردەوە، بەهۆی ئەو دۆخەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران سەپاندوویەتی، چالاکی و پرۆژە نەوتییەکان لە عێراق تا ڕادەیەکی زۆر ڕاگیراون.
جێگری وەزیری نەوت بۆ کاروباری هەناردەکردن، باسم محەمەد حودەیر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەڕمی وڵاتەکەی (INA) ڕایگەیاند: "بەهۆی ئەو بارودۆخەی جەنگ سەپاندوویەتی، چالاکی و پڕۆژە نەوتییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان وەستاون".
حودەیر ئاماژەی بەوە کرد لە ئەگەری کۆتاییهاتنی جەنگەکەدا، دەکرێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان بگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێشتر. ئەوەیشی خستەڕوو کە پرۆژەکانی غاز بە تەواوی ڕانەگیراون، بەڵام بەردەوامبوونیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە کۆتاییهاتنی ئەم جەنگەی ئێستا.
هەروەها حودەیر باسی لەوە کرد گەورەترین گرفت لە پرۆژەکانی بنیاتناندا دروست بووە کە بە تەواوی پشت بە هاوردەکردن و پشتگیریی لۆجستی دەبەستن و، گوتی: "لە بارودۆخی ئێستادا داخرانی گەرووی هورمز بۆ بەردەوامی ئەم پڕۆژە گرنگانە بەربەستێکی گەورەیە".
