Zana Natık Kerem
31 ئادار 2026•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2026
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ سەروەریی لوبنان دووپات کردەوە و ڕاشیگەیاند کە عێراق ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ڕەت دەکاتەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرکۆماری لوبنان، جۆزێف عەون قسەی کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باس لە پێشھاتەکانی سەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی کراوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەو دەستدرێژییانەی سەرکۆنەکردووە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێنە سەر خاکی لوبنان، ھەروەھا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ یەکگرتوویی و سەروەریی خاکی لوبنان دووپات کردووەتەوە و ڕاشیگەیاندووە کە عێراق ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ڕەت دەکاتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ھەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، جەختکراوەتەوە لەسەر گرنگی بەھێزکردنی ھەماھەنگی ھاوبەشی عەرەبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و ڕەخساندنی دۆخێکی گونجاو بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕ و چەسپاندنی سەقامگیری، ئەمەش لە ڕێگای ئەنجامدانی گفتوگۆی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەروەریی خاکی وڵاتان.