Zana Natık Kerem
04 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2018
بەغدا ــ AA
وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند كە هێزەكانی سوپا ئۆپەراسیۆنێكی بە ئامانجی راوەدوونانی شانە نووستووەكانی داعش لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك، دەست پێكردووە.
لە راگەیەنراوێكدا كە شانەی راگەیاندنی جەنگی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە كە لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، هێزەكانی فیرقەی نۆی زرێپۆش و ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك دەستیان كردووە بە پشكنین و دەستیگركردنی داواكراوان، هەروەها سەپاندنی ئاسایش و یاسا لە ناوچەكانی حەویجە، ریاز، رەشاد و زەرگە باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك.
ئەم ئۆپەراسیۆنەی سوپای عێراق، دوای ئەوە دێت كە ژمارەیەك دیاردەی رفاندن و تیرۆر بەرامبەر بە هاووڵاتییان و هێزەكانی پۆلیس و سوپا لەسەر رێگەی نێوان شاری كەركووك و ناوچەكانی باشووری رۆژئاوای شارەكە ئەنجامدرابوون.
لای خۆیەوە ئەفسەری پۆلیس، حامد عوبێدی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند كە لە میانی چەند هەفتەی رابردوودا، تیرۆریستانی داعش بە شێوەی گرووپ دووبارە خۆیان رێكخستووەتەوە و كردەی تیرۆركردن لە ناوچەكانی باشووری رۆژئاوای كەركووك ئەنجام دەدەن.
حامد عوبێدی گوتیشی: "هێزە ئەمنییەكان بە لیست ناوی ژمارەیەك لەو تیرۆریستانەی داعشیان لایە كە گەڕاونەتەوە دەورووبەری ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانی باشووری رۆژئاوای كەركووك و بەشداریان كردووە لە كردە تیرۆریستییەكان لەو ناوچانە كە بە هۆیەوە ژمارەیەك لە هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی".