Zana Natık Kerem
04 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2018
دهۆك ــ AA
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەشار كیكی و پارێزگاری دهۆك، فەرهاد ئەتروشی رێككەوتن كە لە چەند رۆژی داهاتوودا، رێوشوێنەكان بە ئامانجی كردنەوەی رێگەی نێوان دهۆك و مووسڵ تەواو بكرێن.
لە روونكردنەوەیەكدا كە نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە كە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەشار كیكی و پارێزگاری نەینەوا بە وەكالەت، عەبدولقادر شنگالی سەردانی باڵەخانەی پارێزگای دهۆك-یان كرد و لە لایەن پارێزگاری دهۆكەوە، فەرهاد ئەتروشی پێشوازییان لێكرا و دواتر كۆبوونەوە.
بە پێی روونكردنەوەكە، ئامانج لە سەردانەكە، تاوتوێكردنی رێوشوێنەكان بوو بە ئامانجی كردنەوەی رێگەی نێوان مووسڵ و دهۆك بە رووی خەڵكی مەدەنی و بازرگانان.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە كە لە میانی كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا، رەوشی ئاوارەكانی سنووری پارێزگای نەینەوایان لە دهۆك تاوتوێكردووە، هەروەها جەختیان لەسەر بەردەوامی پێشكەشكردنی پشتیوانییەكان بۆ ئاوارەكان كردووەتەوە تا ئەو كاتەی دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
لای خۆیەوە بەشار كیكی دووپاتی كردەوە كە ئەم كۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنە هاوبەشە سازكراوە كە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو لە نێوان هەردوو كارگێری نەینەوا و دهۆك واژوو كراوە.
دوای كۆبوونەوەكەش هەردوولا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ساز كرد كە تیایدا پارێزگاری دهۆك، فەرهاد ئەتروشی جەختی لەسەر گرنگی كردنەوەی رێگەی نێوان مووسڵ و دهۆك كردەوە كە نەینەوا بە ناوچەكانی دیكەی عێراق، هەرێمی كوردستان، توركیا و جیهان دەبەستێتەوە گوتی: "لەبەر ئەمە داوام لە دەزگا ئەمنییەكان كردووە ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان لەو رێگەیە بكەن".
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەشار كیكی دووپاتی كردەوە كە كردنەوەی رێگەكە دەبێتە مایەی پتەوتركردنی پەیوەندییە مێژوویی و كۆمەڵایەتییەكانی نێوان دانیشتوانی هەردوو پارێزگای دهۆك و نەینەوا، وێرای ئەوەی رەوشی ئابووری لە پارێزگاكە دەبوژێنێتەوە.
بەشار كیكی هەروەها داوای لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی كرد كە فەرماندە ئەمنییەكان بە ئاراستەی لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم كردنەوەی رێگەی نێوان مووسڵ و دهۆك و هاتوچۆی هاووڵاتییان و بازرگانان راسپێرێت.