Zana Natık Kerem
22 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2017
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە داعش لە شاری تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا لە بەرامبەر پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان رووخاوە كە ئەمەش وای كردووە لە ماوەی سێ رۆژی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر، هێزە عێراقییەكان لە ناوەندی قەزاكە نزیك ببنەوە.
ئەم لێدوانەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە میانی كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا هات كە ئەمڕۆ سێشەممە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سازی كرد.
حەیدەر عەبادی گوتی: "دوای سێ رۆژ لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر، هێزە عێراقییەكان بەرەو ناوەندی قەزاكە پێشڕەویی دەكەن و لە بەرامبەردا چەكدارانی داعش رووبەڕووی رووخان بوون".
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە لە پلانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەردا زۆر پرس رەچاو كراوە لەوانە دابینكردنی رێرەوی ئارام بۆ دەرچوونی مەدەنییەكان لەگەڵ پاراستنی گیانی خەڵكی مەدەنی، هەروەها گرتنەبەری رێوشوێن بۆ نێشتەجێكردنی ئەو مەدەنییانە كە لە شارەكە و دەورووبەری هەڵدێن و ئاوارە دەبن.
ئەمڕۆ سێشەممە لە میانی پێشڕەوییەكانیاندا، هێزە عێراقییەكان گەڕەكەكانی كیفاح لە باكوور و نوور لە رۆژهەڵاتی شاری تەلەعفەریان كۆنتڕۆڵكردەوە.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەرعەبادی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بە بەشداری هێزەكانی سوپا، دژە تیرۆر، پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی راگەیاندبوو كە ئەمڕۆ سێشەممە بۆ سێیەم رۆژە ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوامە.
بە گوتەی بەرپرسانی سەربازیی، لەم ئۆپەراسیۆنەدا، پشتیوانی ئاسمانی لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دابینكراوە.
سەبارەت بە گفتوگۆكان لەگەڵ شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لەبارەی جیابوونەوە لە عێراق، حەیدەر عەبادی گوتی: "گفتوگۆكانمان لەگەڵ شاندی ئەنجوومەنی ریفراندۆم زۆر روون و راشكاوانە بوو و لە بارەی عێراقێكی یەكگرتوو نەك دابەشبوو گفتوگۆمان كرد".
سەرۆکوەزیرانی عێڕاق، حەیدەر عەبادی داوای لە سەركردەكانی كورد کرد كە بەشێوەیەكی جددی بیر لە بڕیاری جیابوونەوە بکەن و لەو بڕیارە دووربکەونەوە بەو پێیەی خزمەت بە بەرژوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق ناكات.
هەفتەی رابردوو شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی گشتپرسی سەردانی بەغدا کرد و لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و باڵێوزی وڵاتانی بیانی لە بەغدا کۆبوونەوە.