Hemn Baban
22 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2017
ھەولێر-AA
ئەندامی شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ بەغدا، سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ سێشەممە کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری ھەولێر سازی کرد تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی سەردانی چەند رۆژی رابردوویان بۆ بەغدا کە تیایدا سەردانی چەندین بەرپرسی حکوومی و پەرلەمانی و حزبی جیاوازییان کردووە و بۆ مەبەستی زانیاریی پێدانییان لەسەر ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان کە بڕیارە ٢٥ی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشە لەوبارەیەوە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "شاندەکەی ئێمە نوێنەرایەتی سەرجەم لایەنەکانی کوردستانی کردووە جگە لە برایانی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، چوونی ئەو شاندە بۆ ئەوە بووە کە دیالۆگ دەست پێ بکات لەگەڵ لایەنی عێراق و لە ھەمان کاتدا ئەو شاندە ھیچ ھێڵێکی سووری لەسەر ھیچ لایەنێکی عێراقی نەبووە، سەرەتا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی پێکرد کە سێ کاتژمێری خایاند و باسی ھۆکارەکانی ئەوەمان کرد کە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی بڕیار لەسەر ریفراندۆم بدات، ئەویش گوتی ھەڵەی زۆر و پێشێلکاری زۆر لە دەستووری عێراق کراوە و ئەو حاڵاتانەشی کە پێویست بوو یاسایان بۆ دەربکرێت نەکراوە".
گوتیشی: "پێمان وایە لە عێراق سوننە پەراوێزخراوە و کوردیش ھەروەھا، لەماوەی حوکمڕانیی رابردوو عێراق سەرکەوتوو نەبووە لە رووەکانی ئابووری و سیاسی و ئەوانی دیکەش، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆبووینەوە لەو سەردانەماندا و باسی زۆر شت کراون، ھەروەھا لەگەڵ باڵیۆزانی چەندین وڵاتیش کۆبووینەوە".
سەعدی ئەحمەد پیرە لە درێژەی قسەکانیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن کە ئاژانسی ئانادۆڵوش ئامادەی بوو بوو روونی کردەوە "لە رۆژی ١٧ی مانگ لەگەڵ لایەنەکانی ناو ھاوپەیمانی نیشتمانی کۆبووینەوە کە زۆرینەی پەرلەمانی و زۆرینەی ھاوپەیمانی پێکدەھێنن، باسمان لەوەکرد لەسەر پێشێلکارییەکان و جێبەجێ نەکردنی ماددەکانی دەستوور و نەبوونی یاسا بۆ چەند بوارێکی تر، وەکو پڕۆژە و بەرنامەیەک خستمانە بەردەستی ئەوان بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکەن و ئێمەش پڕۆژەی ئەوانمان ھێناوەتە بۆ لێژنەی باڵای ریفراندۆم و لە کۆبوونەوەی سبەی لێژنەی باڵای ریفراندۆم گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".
گوتیشی: "ئێمە کە چووینەتە گفتوگۆ باسمان لەوەکردووە کە ھیچ ئەڵتەرناتیڤێکمان نییە بۆ ریفراندۆم وەکو تاکە دەروازەی یاسایی بۆ سەربەخۆیی".
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا گوتی: "نە پۆست و نە پارە ھیچ لەگەڵ بەغدا باس نەکراوە، ئێمە باسی ئەو پڕنسیپانەی کە پڕنسیپی سەرەکیین وەکو دیموکراسی و فیدڕاڵی و مافی چارەی خۆنووسین و ئەو شتانە، نەوەک پارە و شت و ئەو پارە و پۆستانەشی باس دەکرێن لە بەرنامەی ئێمەدا نەبوون".
لە درێژەی قسەکانیدا بۆ راگەیاندنەکان ناوبراوگوتی: "لە وتوێژەکان گەیشتینە چەند تێڕوانینێکی ھاوبەش و ھەندێک شتیش ناکۆک بووین، ئێمە ھەر دوولامان گفتوگۆ لەسەر ئەنجامی دیالۆگەکەمان دەکەین بۆ ئەوەی بزانیین گەیشتووین بە چی".
ھەروەھا گوتیشی: "ئێمە بۆ ئەوەنەچووین بڵێین با رێککەوین بۆ ئەوەی ریفراندۆم بکەین، ئێمە چووین بڵێین رێفراندۆم دەکەین، دەمانەوێت وەکو دوو دراوسێی باش بژیین".
سەبارەت بە بەشداریکردنی حزبەکانی ھەرێمی کوردستان لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق لە وەڵامی ئاژانسی ئانادۆڵو سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "جارێ زووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەو شتە بدەین، دەکەوێتە سەر ئەو دیالۆگەی لەگەڵ بەغدا دەیکەین، ھەتا ئەو رۆژەی جیادەبینەوە ئیستیحقاقاتی یاسایی، دارایی، سیاسی ئێمە لەسەر حکوومەتی عێراق دەمانمێنێت، بەڵام بە بۆچوونی خۆم تا ئەو رۆژەی جیادەبینەوە بەڵێ بەشداری دەکەین لە ھەڵبژاردن و گفتوگۆش".
ھەروەھا گوتیشی: "مەسەلەی ریفراندۆم بەدیلی نییە، ئەو بڕیارەش بڕیاری لیژنەی باڵای ریفراندۆمە".
سەبارەت بە وەڵامی ئەو لایەنانەشی لە بەغدا لێژنەکەی ئەمان لەگەڵیاندا کۆبوونەتەوە سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "ھەموویان یەک رایان نییە، بۆچوونی جیاوازییان ھەیە، ھەیانە لەگەڵی نیین، ھەیانە دەڵێن ئێستا ئەولەوییەت بۆ شەڕی داعشە و ئەم مەسەلەیە دوابخرێت، ھەروەھا لایەن ھەیە بە مافی گەلی کوردستانی دەزانێت و دەڵێن مافی رەوای خۆتانە".
سەبارەت بە بۆچوونی ئەمریکییەکانیش لەسەر پڕۆسەی ریفراندۆم گوتی: "ئەمریکییەکان دەڵێن کاتی نییە، بەڵام ئێمەش گوتوومانە کەی کاتییەتی؟، ئەوان دەڵێن پاش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پێکھێنانی حکوومەت، پێیان وایە ئەم مەسەلەیە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر باری عێراق، ھەروەھا ھۆکارێکی دیکەش بە لای ئەوانەوە کاریگەریی لەسەر شەڕی داعشیش دەبێت".