Dlshad Saifaalddin Ahmed
08 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2018
سلێمانی - AA
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان، شێروان زرار بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئەمڕۆ تیمەكانی كۆمیسیۆن پۆڵێنی سكاڵاكان لەسەر هەڵبژاردن تەواو دەكەن كە چەند جۆر سكاڵای تێدایە و، لەو بارەیەوە راپۆرتێكمان ئامادە كردووە و دەدرێتە ئەنجوومەنی كۆمیسیۆن، هەروەها لەگەڵ رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەمڕۆ لەسەر هەمان بابەت كۆبوونەوەمان دەبێت".
شێروان زرار گوتشی: "لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا ئەنجوومەن كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات لەسەر بابەتی دووەم و گرنگتر لەسەر چۆنێتی لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكان".
گوتەبێژی كۆمیسیۆن لە بارەی ژمارەی سكاڵاكانەوە و كاریگەری لەسەر دەرنجامی بەرایی دەنگەكان گوتی: "ژمارەی سكاڵاكان هەزار و 45 سكاڵایە كە بەشێكی لەسەر هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنە، ئەوەی كە سكاڵای دروستە لەسەر هەڵبژاردن 772 سكاڵایە، 228 سندوقیش قردێلەی سووریان لەسەرە، ئەوەش كاریگەری لەسەر ئەنجامی بەرایی دەنگەكان دەبێت".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، سەدا ٨٥ی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند.
لەلای خۆیەوە بڕیاردەری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ، ئیسماعیل خورماڵی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تیمەكانی كۆمیسیۆن سەرقاڵی كارەكانی خۆیانن و هەركات كارەكان بە كۆتا هاتن لە دوای تەواو بونی ئەو كارانە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ئاشكرا دەكرێت".
خورماڵی گوتشی: "لیژنەیەكی باڵا بۆ وردبینی لە سكاڵاكان و یەكلا كردنەوەی چارەنووسی سندوقەكان دروستكراوە و، پێویستە ساختەكارییەكان ئاشكرا بكرێت، پێشبینی دەكەم ئەو كارانەش ماوەی دوو هەفتە بخایەنێت".