Fahrettin İbrahim
03 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2016
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا داوا دەکات سیستەمی فیدڕاڵی لە سووریا بونیات بنرێ.
لەو راگەیەنراوەدا کە بە ناوی گوتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کراوەتەوە، رایگەیاندووە "سەبارەت بە ئاییندەی سووریا و بۆ بەرقەراربونی سەقامگیری و دروستبوونی هاوبەشییەكی ڕاستەقینە لەنێوان پێكهاتە جیاجیاكانی سووریا، هەرێمی كوردستان پشتیوانی لە بیرۆكەی پێكەوەنانی سیستەمی فیدڕاڵی لە سووریا دەكات".
لە راگەیەنراوەکەدا هەرەوەها داوا لە لایەنە كوردییەكانی سووریا کراوە كە "یەك هەڵوێست بن و بە وتارێكی سیاسیی هاوبەش پێداگری لەسەر داواكاری بۆ سیستەمی فیدڕاڵی لە ئاییندەی سووریادا بكەن".
هاوکات لەگەڵ ئەم راگەیەنراوە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش راگەیەنراوێکی دەرکردووە و پشتیوانی لە بیرۆکەی فیدڕاڵییەت لە سووریا کردووە.
ئەوەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە:
سەبارەت بە ئاییندەی سووریا و بۆ بەرقەراربونی سەقامگیری و دروستبوونی هاوبەشییەكی ڕاستەقینە لەنێوان پێكهاتە جیاجیاكانی سووریا، هەرێمی كوردستان پشتیوانی لە بیرۆكەی پێكەوەنانی سیستەمی فیدڕاڵی لە سووریا دەكات. بۆ ئەو مەبەستەیش داوا لە لایەنە كوردییەكانی سووریا دەكەین كە یەك هەڵوێست بن و بە وتارێكی سیاسیی هاوبەش پێداگری لەسەر داواكاری بۆ سیستەمی فیدڕاڵی لە ئاییندەی سووریادا بكەن.
گوتەبیژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
3ـی 3ـی 2016