Mohammed Baqi Hussein
03 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2016
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا نومان كورتوڵموش رایگەیاند: "پێویستە ئەو پڕوپاگەندانە تێكبشكێنین، توركیا دەچێتە جەنگەوە! شتی وا نییە، با هاووڵاتییانمان دڵنیابن. دەكرێت كەسانێك لەسەر قسەی لۆبییەكانی جەنگەوە هەوڵبدەن توركیا بكەنە بەشێك لە جەنگی سووریا. بەپێچەوانەوە، ئێستا كە ئاگربەست راگەیەنراوە، با هەموو كارەكان تەواوبكرێن. با جەنگی سووریا ببێتە بەشێك لە رابردوو. با توركیاش هاوكاربێت لە بنیاتنانەوەی سووریایەكدا كە ئەسەد و داعش و نوسڕەی تێپەڕاندبێت، بەڵام با هەموو وڵاتانی جیهانیش هاوكاربن".
كورتوڵموش لەمیانی بەشداریكردنی لە پەخشی راستەخۆی كەناڵ 24دا وەڵامی پرسیارەكانی سەبارەت بە رۆژەڤەكانی ئەمڕۆی دایەوە.
لەوەڵامی پرسیاری، 'ئایا توركیا بەشداردەبێت لە هێرشی ئاسمانی یان زەمینی لە سووریا؟' كورتوڵموش گوتی: "جەنگی بەوەكالەت كۆتاییهاتووە، قۆناغی لەمەودوا مەترسیدارترە".
كورتوڵموش گوتی: "توركیا خاوەنی تێڕوانینێك نییە كە بەتەنها دەستوەربداتە سووریا. بەڵام توركیا بەهۆی بوونی سنووری لەگەڵ سووریا دووچاری سەختی دەبێتەوە. توركیا مافی سەروەریی خۆی دەپارێزێت. توركیا وەڵامی پێویستی ئەو پەلامارانە دەداتەوە كە دەكرێنە سەری و ئومێدەوارم لەچوارچێوەی پارێزگاری لە سەروەریی خۆی، نەكەوێتە دەستێوەردانێك كە بە تەنها ئەنجامی بدات. ئەمە نابێتە سیناریۆیەكی باش بۆ توركیا".
لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەدا كورتوڵموش رایگەیاند، كە دژی كوردەکانی باكووری سووریا نین، وەك چۆن لە باكووری عێراقیش دژی كورد نین.
كورتوڵموش گوتی: "ناكرێت جیاوازی لەنێوانیاندا بكەین. ئەوەی كە هی ئێمەیە لەمدیو سنوور و لەودیو سنووریش هەر مرۆڤەكانن. ئەوەی ئێمە دژایەتیی دەكەین ئەوەیە، گرووپێك پێكهاتەیەكی یەكڕەنگ لەناوچەكەدا پێكبهێنێت و عەرەب و توركمانی ناوچەكە وەدەربنێت. دژی ئەوەین لەوێوە یارمەتی پەكەكە بدات لەنێو توركیادا. ئەوەی كە دەمانەوێت لە رۆژئاوای بگەیەنین هەر ئەوەیە. چ وڵاتێك دەتوانێت رێگە بەوە بدات. هەم پێكهاتەی دیمۆگرافی ئەو ناوچەیە دەگۆڕێت، هەم زەمینە بۆ چەند گرووپێكی چەكدار دەڕەخسێت كە دەستوەربدەنە توركیا و دژایەتیی بكەن".