Mohammed Baqi Hussein,kadır shareza
03 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2016
حهلهب
پەیەدە بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا، بەمەبەستی گەمارۆدانی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب، لەهەوڵی بڕینی رێگای كاستیلۆدایە كە تاكە ڕێگایە بەرەو ئیدلب.
لە رۆژی شەشەمی ئاگربەستەكەی سووریادا، هێزەكانی پەیەدە لە هەردوو گەڕەكی شەیخ مەقسوود و ئەشرەفییەی باكووری حەلەب پێشڕەوی دەكەن بەمەبەستی بڕینی تاكە رێگای ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەرەو ئیدلب. نزیكەی مانگێك لەمەوبەر پەیەدە بە پاڵپشتی رووسیا گەیشتە هەردوو ناحییەی نوبول و زەهرا لە باكووری حەلەب كە دەكەونە باشووری عەفرین و زۆرینەی دانیشتوانەكەی شیعە مەزهەبن. بەوجۆرە رێگای توركیا - حەلەبیان لە ئۆپۆزسیۆن بڕی.
دوای ئەوە رێگای عەنەدان - كاستیلۆ وەك تاكە رێگای ئۆپۆزسیۆنی سووریا مایەوە بۆ گەیشتنیان لە حەلەبەوە بە ئیدلب. بەم دواییەش رووسیا لە ئاراستەی نوبول و زەهراوە بە چڕی بۆردومانی رێگای كاستیلۆی دەكرد.
بەپێی زانیاری سەرچاوە ناوخۆییەكان، ئەمجارە هێزەكانی پەیەدە لە باشووری رێگاكەوە هێرشیانكردووە. ماوەی سێ رۆژە هێزەكانی پەیەدە بە پاڵپشتیی فڕۆكەکانی رووسیا هێرش دەكەن و دوێنێ گەیشتوونەتە گردی موشریفە لەسەر رێگای كاستیلۆ و دوای پێكدادانیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریادا، فڕۆكەكانی رووسیا ناوچەكانی خولوق و مەركەز شەبابیان بۆردومان كردووە كە بەدەست ئۆپۆزسیۆنەوەن. دوو رۆژ لەمەوبەریش كەسێكی سڤیل كە لە رێگای كاستیلۆوە بەرەو ئیدلب دەڕۆیشت، لەلایەن قەناسەكانی پەیەدەوە كوژرابوو.
هاوكات بۆردومانەكانی رووسیا لەناوچەكەدا درێژەیان هەیە.