ھەولێر
یەکگرتووی ئیسلامی سەرقاڵی ئەنجامدانی راپرسییەکی نێوخۆییە کە بە دەنگی ٥٠+١ بڕیار لەسەر بەشداریکردنی دەدات.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی مەولود باوەموراد لەبارەی مەرجەکانی سێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ بۆ بەشداریکردن لە کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە ھێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە دەستی بە گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکومەت نەکردووە دەڵێ: "ئەو شتانەی ئەوان دەیڵێن مەرج نییە، بەڵکو شێواز و رێگەکانی بەشداریکردنیانە لە حکومەت."
باوەموراد لە لێدوانێکدا لەبارەی مەرجەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ AA گوتی: "سێ مەرجی سەرەکیمان ھەیە ھەرچەند ھەر لایەنێک بەشێواز و زمان و پرۆژەی جیاواز باسی لێوەدەکەن، ئەوانیش بریتین لەوەی کە ئەو حکومەتەی پێکدەھێنرێت ھاوکاری پەرلەمان بێت بۆ راوەدوونان و بەرتەسککردنەوە و رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، بەجیددی پابەند بێت بە پرۆسە و بەرنامەکانی چاکسازی کە ئەمە بە حکومەت دەکرێت نەک ئۆپۆزسیۆن، سێھەمیش ئەوەیە حکومەتی ئایندە دادوەرانەتر بەلای ژیانی خەڵکدا بچێتەوە."
باوەموراد کە حزبەکەی لە ھەڵبژاردنی ئەمساڵدا لە ٦ کورسییەوە بۆ ١٠ کورسی پشکی خۆی لە پەرلەمان زیادکرد، باس لەو مەرجانەی یەکگرتووی ئیسلامیش دەکات کە چوارەم گەورەترین ھێزی ھەرێمە و دەڵێ: "ئێستا حزبەکەی سەرقاڵی ئەنجامدانی راپرسییەکی نێوخۆییە لەسەر ئاستی مەڵبەندەکانی بۆ دەستخستنی ٥٠+١ی دەنگی کادیرانیان بۆ بەشداریکردن یان نەکردن لە کابینەی داھاتوو حکومەتی ھەرێمدا."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: "بۆچوونی بنکە و سەرکردایەتیی حزبەکەشی لەگەڵ ئەوەیە یەکگرتوو بە چەند مەرجێک بەشداریی حکومەت بکات کە بریتین لەوەی "دەبێت رۆیشتنمان بۆ حکومەت بە نووسراو بێت، ھەروەھا بەشداری لە حوکمڕانی وڵات بکەین و بەقەد ئەوەی بەرماندەکەوێت لە ١٠% شەریک بین لە حوکمڕانی و دروستکردنی بڕیار و بەرنامەی حکومەت و ئەوەش بە پرۆتۆکۆل و نووسراو بێت، واتە شەراکەتی راستەقینە بێت، سێھەمیش ئەوەیە بەشداریمان مانای خۆی ھەبێ، واتە وەزیر توانا و دەسەڵاتی خۆی لە کابینەکەیدا ھەبێت."