قاھیرە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کێری لەسەردانێکیدا بۆ قاھیرەی پایتەختی میسر گوتی: "بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی مەدەنی دەتوانرێ حکومەتێکی دیموکرات لە میسر پێکبھێنرێت و پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتەش پتەوتر دەبێ."
دوای دیدارەکەی لەگەڵ نەبیل فەھمی وەزیری دەرەوەی میسر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا کیری گوتی: پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ئیدارەی حکومەتی کاتی بەردەوام دەبێ، ھەروەھا پشتیوانی و ھاوکاریەکانمان لەرووی تەندروستی و کەرتی تایبەتیەوە بۆ بەرز کردنەوەی ئابوریی میسر بەردەوام دەبن.
گوتیشی: ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی مەدەنی بۆ پێکھێنانی حکومەت پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و میسر پتەوتر دەکات، پەیوەندیەکانمان لەگەڵ حکومەتی کاتی لە ئاستێکی باشدایە. ئەمریکا دۆستی میسر و گەلی میسرە.
کیری لەبارەی بڕیاری وەستاندنی یارمەتیی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ سوپای میسر گوتی: وەستاندنی یارمەتیی سەربازی سزادان نییە بۆ میسر، لەبارەی ئەم مەسەلانەوە لەگەڵ ھاوپیشەکەم قسەمان کردووە.
کیری داوای بەرقەرارکردنی ئاسایشی بۆ ناوچەکە و بنبڕکردن و نەھێشتنی ھێرشەکانی گروپە تێرۆرستیەکانی لە میسر کرد، ھەروەھا سەرکۆنەی کارە تێرۆرستیەکەی ئەم دواییەی کرد کە لە قاھیرە روویدا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کرد لەوەی: لەگەڵ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی وڵات دەبێ لەرووی ئابووریشەوە ھەوڵی پتەوکردنی ژێرخانی ئابووریی وڵات بدرێ، گەلی میسریش چاوەڕوانی پێشکەوتنی ئابوورییە.
دوای کودەتا سەربازیەکی ٣ی تەمموزی رابردوو، ئەوە یەکەم جارە جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی قاھیرە دەکات، چاوەڕوانیش دەکرێ لە چوارچێوەی سەردانە چەند کاتژمێریەکەیدا لەگەڵ عەبدولفەتاح ئەلسیسی وەزیری بەرگریی میسر کۆببێتەوە.