Hemn Baban
08 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2018
ھەولێر - AA
بەپێی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەگەر کاندیدی براوە لە ٩٠ رۆژ سوێندی یاسایی نەخوات مافی ئەندامیەتی نامێنێت، لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیشدا ئەو مافە لەماوەی ٣٠ رۆژدا نامێنێت.
لەگەڵ ئەوەی ھێشتا ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٣٠ی ئەیلوولی ھەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رانەگەیەندراوە کە دەبوو لەدوای ٧٢ کاتژمێرەوە ئەمە روویدابووایە، لیستی نەوەی نوێ کە قەوارەیەکی بەشدار لە ھەڵبژاردنەکەی ئەیلوول بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند.
پسپۆڕ لە یاسای دەستوور و راوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان، خامۆش عومەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی چارەنووسی کورسییەکانی ئەو قەوارە و لیستانەی لەکاتێکدا بڕیاری بایکۆتکردنی پەرلەمانییان داوە رایدەگەیەنێت: "بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ ئاماژەی بەوە داوە کە، ئەگەر ھاتوو کاندیدی دەرچوو لەماوەی ٩٠ رۆژدا سوێندی یاسایی نەخوارد ئەوا مافی ئەوەی نابێت ببێتە پەرلەمانتار و کەسێکی تر شوێنی دەگرێتەوە، ئەگەرچی جۆرێک ناکۆکی ھەیە لەنێوان یاسای ھەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ساڵی ٢٠١٨، چونکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئاماژەی بۆ ئەوە داوە لەماوەی ٣٠ رۆژدا کاندیدی سەرکەوتوو دەبێت سوێندی یاسایی بخوات، کەچی لە یاسای ھەڵبژاردن ماوەی ٩٠ رۆژە، بەڵام لە راستییدا دەکرێت ئەو ناکۆکییەی لەنێوان یاساکە و پەیڕەودا ھەیە یەکلایی بکرێتەوە بەحوکمی ئەوەی پلەی یاساکە لە پلەی پەیڕەوەکە بەرزترە و ئەو پەیڕەوە پاڵپشت بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرچووە".
ھەروەھا دەشڵێت: "سەبارەت بەوانەی بایکۆت دەکەن، ئەگەر لەماوەی ٩٠ رۆژدا بەپێی یاسای ھەڵبژاردن سوێندی یاساییان نەخوارد، ئەوا مافی ئەوەیان نامێنێت ببنە پەرلەمانتار".
لەدرێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە پڕکردنەوەی ئەو کورسییانەی بەبەتاڵی دەمێنێتەوە لە ئەنجامی بایکۆتکردنی ئەو قەوارە و لیستانەی بەشداری ھەڵبژاردنییان کردووە و، ئەو پسپۆڕەی یاسای دەستووری روونی دەکاتەوە "لە راستییدا لەیەکێک لە دەقە یاساییەکانی یاسای ھەڵبژاردنی ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩١ ئاماژەی بەوەداوە کە کورسییەکان ئەگەر لەو لیستە کاندیدی تر مابوون، کە بێ گومان کاندیدی دیکەش نامێنن، چونکە ئەو لیستە بەتەواوەتی بایکۆت دەکات و، ئەو پرسە دەبێت پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکاتەوە نەوەک کۆمیسیۆن چارەسەری بۆ بکات، بەپێی یاساکە ئەو کورسییانە دەدرێتە ئەو لیست و قەوارانەی تر کەکەمترین رادەی پێویستی دەنگییان ھێناوە کە ناگاتە رێژەی تێکڕای ھەڵبژاردن، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە تێکڕای ھەڵبژاردن بە نزیکەی ١٧ ھەزار دەنگ مەزەندە بکەین، ئەو لیستانە ١٥ھەزار دەنگییان ھێناوە یان کەمتری ھێناوە، واتە لە تێکڕای ھەڵبژاردن نزیکنەبووەتەوە کورسی بەدەست بھێنێت".
ھەروەھا دکتۆر خامۆش عومەر دەشڵێت "لەحاڵەتێکدا ئەگەر ئەمانیش نەیانتوانی کورسییەکان پڕبکەنەوە ئەوا کورسییەکان بە بەتاڵی دەمێنێتەوە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو نەریتە باوەیە کە لە وڵاتانی دونیا پیادە دەکرێت کە ئەگەر کورسی بەبەتاڵی مایەوە یان ناکۆکی دروست ببێت ئەوا یان یاسای ھەڵبژاردن ھەمواردەکەنەوە یان بازنەی ھەڵبژاردن لە ناوچەیەکی دیاریکراو دووبارە دەکەنەوە، بەڵام لەکوردستان بازنەی ھەڵبژاردنیش زۆر فراوان بوو کە دەبوو کار بە سیستەمی فرە بازنەیی بکرێت".
یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لەھەرێمی کوردستان ژمارە چواری ساڵی ٢٠١٤ بەھیچ شێوەیەک نەچووەتە سەر پرسی بایکۆتکردنی ھەر قەوارە یان لیستێکی بەشدار لەھەڵبژاردن، لەگەڵ ئەمەشدا بەپێی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ و بە دیاریکراوی لە ماددەی ٦١دا ھاتووە" ئەگەر کورسییە بەتاڵەکە ھی لیستێک بوو کە پاڵێوراوی نەمابێت ئەوا کورسییەکە بۆ پاڵێوراوێکی دیکە لە قەوارەیەکی سیاسی دیکە تەرخاندەکرێت کە کەمترین رادەی ژمارەی ئەو دەنگانەی بەدەستھێناوە کە بۆ پڕکردنەوەی کورسییەک پێویستە، بە پێچەوانەشەوە کورسییەکە بە بەتاڵی دەمێنێتەوە".
ھەروەھا ھەر لەو ماددەیەدا ھاتووە "لەحاڵەتی سوێند نەخواردنی پاڵێوراوی ھەڵبژێردراو بۆ پەرلەمان لەماوەی دیاریکراودا بەبێ ھیچ ھۆیەکی رەوا، ئەوا دوای ٩٠ رۆژ لە مێژووی ناوبراو مافی ئەندامیەتی نامێنێت و پاڵێوراوێکی دیکە بەپێی یاسا شوێنی دەگرێتەوە".
لەماددەی ١٣-ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا ھاتووە کە، ئەگەر کاندیدی ھەڵبژێردراو بەبێ پاساوی رەوا لەدانیشتنی یەکەمەوە بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ سوێندی یاسایی نەخوارد مافی سوێندخواردنی یاسایی نامێنێت.
لەماددەی ٢٧یشدا ھاتووە ئەگەر کورسییەکی پەرلەمان بە بەتاڵی مایەوە، ئەوا بەپێی یاسا کارپێکراوەکان کاندیدی تری ھەمان لیست جێگەی دەگرێـتەوە.
دکتۆر خامۆش عومەر لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت"لەیاسای ھەڵبژاردن و یاسای کۆمیسیۆنیش باسی پرسی بایکۆتکردنی لیستەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان باسنەکراوە، لەراستییدا یاسای کۆمیسیۆنی ساڵی ٢٠١٤ دەسەڵاتێکی جێبەجێکاری داوەتە کۆمیسیۆن و مامەڵە لەگەڵ بایکۆت کردن ناکات، دەبێت دەنگەکانی ئەو لیستانەی بەشدارییان کردووە ھەژمار بکات، مەسەلەی بایکۆت دەکەوێتە دوای ئەنجامەکان کە ئەمە کار و دەسەڵاتی پەرلەمانە".
دەشڵێت"رەنگە ئەم پرسە ببێتە ھۆی ئەوەشی کە پەرلەمان نەتوانێت بە ئاسانی چارەسەری بکات، گریمانەیەکی تر ھەیە ئەوەیە کورسییەکان بە بەتاڵی بمێنێتەوە، یان یاساکە ھەمواربکەنەوە و ئەو کورسییانەی دەمێننەوە دابەشی ئەو لیست و قەوارانە بکەنەوە کە بەشداریی ھەڵبژاردنەکانییان کردووە".
باس لەوەش دەکات دابەشکردنی کورسییەکانی ئەو لایەنانەی بایکۆت دەکەن بەسەر ئەوانی دیکەدا، ئەمەش رەنگە لەخۆیدا کێشە و گرفت بێت، ئەو پسپۆڕە رایدەگەیەنێت "لەراستییدا خۆیان بایکۆت دەکەن و پێچەوانەی ئەو نەریتە دەستوورییەیە کە لە وڵاتانی دونیادا باوە بەوەی دەنگدەر ئیرادەی خۆی بەخشیووە بە لیست و قەوارەیەکی دیاریکراو، بەڵام ئەم بایکۆتی دەکات و یاسادانەری کوردستانی دەیدات بە لیست و قەوارەیەکی دیکە، ئەمەش کە نابێت، چونکە ئیرادە و خواست و ویستی دەنگدەر دەدرێت بە قەوارەیەکی دیکە کە ویستی دەنگدەر نییە، لە بەغداش رێگە نادات کورسییەکان بەشێوەیەک دابەش بکرێت بەپێچەوانەی ویستی دەنگدەر".
دەشڵێت "ئەگەر کورسی مایەوە، ئەوا دەدرێت بەو لیست و قەوارانەی کە دەنگەکانییان نزیکە لە تێکڕای ھەڵبژاردن، بۆ نموونە ٩٧ کورسی بەدەستھاتن و سێ کورسی مانەوە لەپاش دابەشکردنی کورسییەکان، ئەو سێ کورسییە بەپێی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدرێتە بەوانەی کە ژمارەی دەنگەکانییان نزیکە لە تێکڕای ھەڵبژاردن، ئەو کورسیانە لە ئەنجامی بایکۆت دەمێننەوە و مەزەندەی ئەوەی نەکردووە کە قەوارەیەک بایکۆت بکات".
بەپێی پەیڕەوی ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٨ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی کە تایبەتە بەھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستاندا ھاتووە، کۆمیسیۆن پابەند دەبێت لەماوەی ٧٢ کاتژمێر ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردن رابگەیەنێت.
بۆ ھەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە ٧٠٠ کاندید لە ٢٩ لیست و قەوارەی جیا رکابەرایەتییان لەسەر ١١٠ کورسی پەرلەمانی کرد.
دکتۆر خامۆش عومەر لەبارەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانیشەوە دەڵێت: "دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان، پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەبەستێت پاش ئەوەی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە بەمەرسومێک لەماوەی ١٠ رۆژدا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ببەستێت، بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەی یاسای ھەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێممان ھەیە، بەڵام بەر لەوە و لەساڵی ٢٠١٧ یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێممان ھەیە و، بەپێی ئەو یاسایە داواکردنی کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان لە پاش ھەڵبژادرن دراوە بە دەسەڵاتی دادوەری".
ئەگەرچی ھێشتا ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول بەتەواوەتی رانەگەیەندراون، بەڵام سەرباری بوونی زیاتر لە ھەزار سکاڵا لەسەر ھەڵبژاردنەکە ھێشتا کۆمیسیۆن نایەوێت پەلە بکات لە راگەیاندنی ئەنجامەکە کە دوای ئەمە لایەنەکان ھەڵوێستی نوێیان لەسەری ھەبێت.