Hawkar Yaseen
26 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2020
هەولێر - AA
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا بایکۆتی دانیشتنەکانی سێ رۆژی داهاتووی پەرلەمان بکات و نەچنە هۆڵی کۆبوونەوەوە.
لە یاداشتێکیاندا کە لەلایەن ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو، سەرچنار ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا خوێندییەوە رایانگەیاند "لەکاتێکدا دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان شێواوە و تەنانەت ئاسایشی گشتیی هەڕەشەی لەسەرە و قەیرانی بژێوی هاووڵاتییان و بێ مووچەیی درێژەی هەیە و دەبوایە پەرلەمانی کوردستان لەبوارە تەشریعییەکەیدا کاراتر بکرایە و بچوایەتە قۆناغی لێپێچینەوەی حکوومەت و وەزارەتەکان، بەداخەوە قەیرانێک خوڵقێندراوە کە دەخوازێت پەرلەمان بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ حزبییەکان و سەکۆی نمایش کردار و پەرچەکردارە هەڵە حزبی و سیاسییەکان".
سەرچنار ئەحمەد گوتیشی: "لەم دۆخە پڕ کارەساتبارە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دەروونییەدا، لەبری ئەوەی دانیشتنەکانی بۆ گفتوگۆ و چارەسەری ریشەیی کێشەی دواکەوتنی مووچە و بوودجەی هەرێم و شەفافیەتی داهاتەکان و دەرهێنانی دەروازە سنوورییەکان لە چنگی تێرنەخۆری حزب و گرووپەکانی و لەجیاتی ئەوەی پەرلەمان خەمی لاوان و خانەنشینانی مەدەنی و کاسبکارانی زیان لێکەوتوو و جووتیارانی گیرۆدە بەدەست ساغکردنەوەی بەروبوومەکانیان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و یەکەمەکان بەتایبەتی بخوات، کەچی کۆبوونەوەکانی تەنها لە پێناوی کۆبوونەوەدایە".

ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو، سەرچنار ئەحمەد راشیانگەیاند "لەبەر ئەم هۆکارانە ئێمە لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بایکۆتی کۆبوونەوەکی ئەمڕۆ و رۆژانی ۲۷ و ۲۸ی تەمووز دەکەین، چونکە پێمان وایە ئەم پەرلەمانە قسە لە خەمە سەرەکییەکانی ئێستای هاووڵاتییان ناکات، ئەم کۆبوونەوانە هیچ پابەندی و ئیلزامێکی بۆ حکوومەت لێ ناکەوێتەوە و چەندین یاداشتی پەرلەمانتاران لەسەر داهات و خاڵە سنوورییەکان و قەرزەکانی حکوومەت و بابەتی مووچە خراوەتە رەفەکانی فەرامۆشکردن و پەراوێزخستنەوە".
سەرچنار ئەحمەد لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەشدا رایانگەیاند "داواکارین شکۆ بۆ پەرلەمان بگەڕێتەوە، پەرلەمانی کوردستان لەماوە پێنج مانگی تەشریعیدا تەنها یەک یاسای دەکردووە لەکاتێکدا ئەو هەموو کێشە و قەیرانە هەیە لە هەرێمی کوردستاندا".