Sarmand Hameed
21 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا پایتەختی عێراق لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی کۆبوونەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد حەلبوسی پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، جەعفەر ئیمینکی کرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی کە وڵات پێیدا تێپەڕدەبێت لەگەڵ بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان بۆ تەواوکردنی یاسا گرنگەکانی قۆناغی داهاتوودا کراوە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سووتاندنی بارەگا حزبییەکان، پەلاماردانی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت، کردەوەیەکی سەرکۆنەکراوە و پێویستە حکوومەت رۆڵی خۆی ببینێت لە پاراستنی دامودەزگاکان و سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیریدا و رێگە بە گەڕانەوە دیاردەی توندوتیژی و کردەوەی سووتاندن نەدات، بەو پێیەی ئاماژەیەکی نەرێنییە و کاریگەری دەکاتە سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و هاوبەشی لە دەوڵەتدا.
- شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە
شاندەکەی پارتی دیموکراتی دیموکراتی کوردستان لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا پایتەختی عێراق لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی کۆبووەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، نوری مالیکی پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەعفەر ئیمینکی کرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق کراوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا بێڕێزیکردن بە حەشدی شەعبی و قوربانیدانەکانی رەتکرایەوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە کە سووتاندنی بارەگای حزبی و نوێنەرایەتیی سیاسی لە هەر شوێنێک رووبدات، کارێکی سەرکۆنەکراوە.
هەردوو لا داوایان لە حکوومەت کردووە پێویستە ئاسایش و سەقامگیری بسەپێنێت و پارێزگاری لە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت بکات.
هەروەها هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو لا خوازیاربوون بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و کارکردن بۆ هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکوومەتێکی هەڵبژێردراو کە توانای جێبەجێکردنی داواکاریی جەماوەریی هەبێت، هەوڵەکان یەکبخرێن.
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتووە لە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، جەعفەر ئیمینکی و بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی، عەرەفات کەرەم و بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا، شوان محەمەد تەها و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڤیان سەبری و سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی لە بەغدا، فارس عیسا.
ئەم سەردانەی شاندی پارتی بۆ بەغدا دوای ئەوە دێت کە رۆژی شەممەی رابردوو، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزاییەتی لەهەمبەر لێدوانێكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھۆشیار زێباری لەبارەی حەشدی شەعبییەوە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەردەم بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق خۆپیشاندانیان ساز كرد.
لە میانی خۆپیشاندانەكەدا، بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەی كەڕادە ناوەڕاستی بەغدا، لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە سووتێنرا.
ئەم رووداوە کاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و نێردەی دیپلۆماتی وڵاتان لە بەغدا و نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و لە راگەیەنراو و بەیاننامەی جیاجیادا سەرکۆنەی ئەو کارەیان کرد.