Muhammet Ali Kemal
16 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2016
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ هەریەک لەپەرلەمانتارانی دیاربەکری هەدەپە نورسەل ئایدۆغان و ئیمام تاشچیئێر چاویان بە ژمارەیەک کارمەندی تەندروستی کەوت کە بەبیانووی قەدەغەی هاتوچۆ ناوچەی سوور لە بەردەمی شارەوانی گەورە شاری دیاربەکردا چاوەڕوانیان دەکرد.
دەمیرتاش لەو شوێنەی روونکردنەوەیەکی دایە رۆژنامەوانان و هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکەی سەر فەرماندەیی ئاسایشی ناوچەی چنار لە دیاربەکر کرد.
سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند: ''ئێمە نازانین هێرشەکەی چنار لەلایەن كێوە ئەنجام دراوە. ئایا کەسانێک دەیگرنە ئەستۆی خۆیان یان ئەنجامدەرانی لەلایەن دەوڵەتەوە ئاشکرا دەکرێت، ئەوەش نازانین بەڵام لەبەر خاتری ئەو هاووڵاتییە سڤیل و مناڵ و کۆرپانە کە کوژراون، ئەوانەی ئەم کارەیان ئەنجام داوە، دەبێت بەڕوونی داوای لێبوردن بکەن''.
ئەو درێژەی دایە و گوتی: ''ئەوە مافی خۆمانە کە داوای ئەوە بکەین، داوای لێبوردن بکەن سەبارەت بەوەی کە کردوویانە لە چنار، جزیرە، سوور، سلۆپی ، سیلڤان یان لە هەرشوێنێکی دیکە، مافی هەموومانە وەک کۆمەڵگە چاوەڕوانی ئەوە بین داوای لێبوردن بکرێت. مافی هەموومانە کە چاوەڕوانی ئەوە بین داوای لێبوردن بکرێت کە جارێکی دیکە شتی لەمجۆرە رووناداتەوە. ئەوانەی کە لە کۆمەڵگەدا خوازیاری ئاشتین، خوازیاری ئاشتییەکن کە لەسەر بنەمای دیموکراسی، ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری بنیات نرابێت، بێ ئەوەی ورە و ویژدانیان لەدەست بدەن، بێ ئەوەی بترسن، پێویستە درێژە بەم رێگەیە بدەن''.
دەمیرتاش جەختی لەوە کردەوە بۆ ئەوەی مەرگی کۆرپەی دیکە نەبینن، پێویستە هەمووان دەنگ هەڵبڕن و گوتی: ''ئەگەر بمانەوێت وەک یادگاری ئازاری هاوبەشی ئەو کەسانەمان کە گیانیان لەدەست داوە پرسەمان بۆ داناون، ئەگەر بمانەوێت ژیانێکی هاوبەشی نوێ، ژیانێکی ئازاد بنیات بنێین، ئەو کەسانەی کە خوازیاری ئەمەن پێویستە هەموویان لەبەرەی دیموکراسیدا کۆببنەوە. ئەم رۆژە سەخت و ناڕەحەتانە تێدەپەڕن و تەواو دەبن، دووبارە رۆژانی ئاشتی روو لە وڵاتمان دەکاتەوە''.
سەڵاحەدین دەمیرتاش سەبارەت بە راگەیەنراوی ''دەستپێشخەری کەسایەتییە ئەکادیمییەکان بۆ ئاشتی'' رایگەیاند: ''ئەگەر بێت و بانگەوازکردن بۆ ئاشتی ماف و ئازادی رادەربڕین نەبێت، ئەی ئەوان چی بڵێن؟ ئەو کەسایەتییە ئەکادیمییانەی کە واژۆیان لەسەر راگەیەنراوەکەی ئاشتی کردووە، بۆ ئەو مەبەستە ئەو واژۆیانەیان نەکردووە کە بەرگری لە پەکەکە، توندوتیژی و چەک دەکەن''.
دەمیرتاش گوتی: ''ناکرێت لە وڵاتێکدا دۆخێکی نایاسایی چەکداریی بوونی هەبێت بەڵام هێزەکانی چەکداری ئەو دەوڵەتەش نابێت هەرگیز یاسا و رێساکان، مافەکانی مرۆڤ و پێوەرەکانی نێودەوڵەتی پێشێل بکەن. ئەگەر کەسانێکی چەکداری نایاسایی بوونیان هەبێت، ئەوە رێگەی لەپێشە بریتییە لە دانوستاندن، گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوەوە''.
لە کۆتاییدا قسەکانیدا هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بەوە کرد ئەوان داواکارییەکیان نییە کە زیان بە تورکیا بگەیەنێت.