هەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە کەسایەتی و بەرپرسە سیاسییەکانی عێراق کۆبوویەوە.
دوای ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمجار سەرۆکی پیشووی هەرێم و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی و سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی عێراقی کۆبوویەوە و پرسی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان خرایە بەر باس.
ماڵپەڕی تایبەت بە بارزانی لەو بارەیەوە وردەکاری سەردانەکەی بۆ رای گشتی راگەیاندووە کە تێدا هاتووە: "ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ـی ١١ـی ٢٠١٨ سەرۆک مەسعود بارزانی بە یاوەریی شاندێک و بە مەبەستی دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی و تاوتوێکردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا سەردانی بەغدای کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە لایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارلەمانی عێراق و ھادی عامری سەرۆکی تەحالوفی فەتح و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی وئیداری وئەمنییەکانی عێراق پێشوازیی لێکرا".
بە گوێرەی هەواڵەکە، بارزانی پاش پشوودانێکی کورت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، لەگەڵ شاندی یاوەری بەرەو کۆشکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێ کەوتوون و لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
بە پێی هەواڵەکە "لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق بە گەرمی بەخێرھاتنی سەرۆک بارزانیی کرد و ڕایگەیاند کە سەرۆک بارزانی سەرکردەی ئازادکردنی عێراق و بنیاتنانی دیموکراسییە لە عێراق و ئەندازیاری بنیاتنانەوەی عێراق و پەیوەندییەکانی عێراق و ناوچەکە و نێودەوڵەتییە. ھەروەھا ئاماژەیشی بە مێژووی خەباتی ھاوبەشی ھەردوولا دا و پەیوەندییەکانی خۆی و سەرۆک بارزانی لە سەرووی پەیوەندیی سیاسی زانی و ئەو پەیوەندییەی بە برایانە و دۆستانە وەسفی کرد. سەرۆک وەزیرانی عێراقی پێزانینی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە ھەبوو و ڕایگەیاندکە پێویستە ھەموو لایەکمان ئەو مێژووییە بزانین کە تێیدا پێشمەرگە چۆن لەدژی زوڵم و دیکتاتۆری خەباتی کردووە و قوربانیی داوە و سەرکەوتنی بەدەستھێناوە".
بارزانی دوای کۆبوونەوەکە لە گوتەیەکدا بۆ راگەیاندنەکان، پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە خەباتی دژی دیکتاتۆریەت و بوونی ئەوەی بە سەرۆکی حکوومەتی تازەی عێراق دەربڕی و بە جێگەی ئومێد بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە قەڵەمی دا و جەختی لەوە کردەوە کە ھاتووە بۆ ئەوەی پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی تازەی عێراق ڕابگەیێنێت چونکە وەک بارزانی گوتی، "ئێستا حکوومەتی عێراقی کەوتووەتە دەستێکی ئەمین".
دوایین پێشھاتە سیاسییەکان و تاوتوێکردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.
وێستگەیەکی دیکەی سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ بەغدام دیدار لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح ھادی عامری و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەو هاوپەیمانییە بوو.
لەو بارەیوە ماڵپەڕی بارزانی رایگەیاندووە، "لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی تەحالوفی فەتح سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی کاریگەری سەرۆک بارزانی لە مێژووی عێراق و خەباتی گەلی کوردستان، ھیوای خواست کە ئەو سەردانە دەروازەیەک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵانەی کە لە ڕابردوودا ڕووی داوە. ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا ھەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و قووڵترکردنەوەی متمانە و پاڵپشتیکردنی حکوومەتی تازەی عێراقی کردەوە".
لە درێژەی سەردانەکەیدا بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ فاڵح فەیاز سەرۆکی لیستی عەتا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و ھەردوولا ئەوەیان دووپات کردەوە کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھاتووەتە ئاراوە و پێویستە کار لەسەر بیناکردنی متمانە و کاری پێکەوەیی نێوانیان بکرێت و ھاوکاتیشت پاڵپشتیی حکوومەتی تازەی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی عێراق بکرێت.
وێستگەیەکی دیکەی سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ شاری بەغدا کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی کوتلەی مەشرووعی عەرەبیی عێراقی بووە.
بە پێی ماڵپەڕەکەی مەسعود بارزانی "ھەر لەدوای ئەو کۆبوونەوەیە مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق موحەمەد حەلبوسی و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی تەحالوفی میحور و نوێنەری پارێزگا رزگارکراوەکانی عێراق کۆبوویەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ شاری بەغدای بە مایەی شانازی لە قەڵەم دا و ھیوای خواست ئەو سەردانە تەکانێک بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بدات بە ئاراستەی ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی و چارەسەرکردنی کێشەکان. ھەروەھا نوێنەری پارێزگا ئازادکراوەکانی عێراق سوپاسی سەرۆک بارزانی و ھەرێمی کوردستانیان کرد کە بوونە پەناگەی سەدانھەزار ئاوارە و لێقەوماوی عێراقی کە بەھۆی پەلاماری تیرۆریستانی داعش ماڵ وحاڵی خۆیان جێھێشتبوو".
لای خۆیەوە بارزانی سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی کردووە کە ڕۆڵی ئیجابی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا گێڕاوە و وێڕای ئاماژەپێدان بە مێژووی پەیوەندییەکان وکێشەی نێوان ھەرێم و بەغدا جەختی لەوە کردەوە کە بە ھیچ شێوەیەک نابێ ناکۆکیی سیاسیی لەگەڵ دەسەڵات ببێتە ھۆی ناکۆکیی گەلان و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان.
بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و کارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنە وێرانکراوەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و تەحالوفی میحور بووە.
دوایین وێستگەی ڕۆژی یەکەمی سەردانی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسا نووری مالیکی و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی دەوڵەتی یاسا و حزبی دەعوەی عێراقی بوو.
بە پێی ئەم هەواڵە، لەو کۆبوونەوەیەدا ھەردوولا جەختیان لە ھەماھەنگی و پەیوەندیی بەردەوام بە مەبەستی پێشخستنی پڕۆسەی سیاسی و چارەسەرکردنی کێشەکان و پاڵپشتیکردنی حکوومەتی تازەی عێراق کردووەتەوە.
جێگەی ئاماژەپێکردنە لەو سەردان و دیدارانەدا، ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئازاد بەرواری و سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە بەغدا و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرس و ڕاوێژکارانی پارتی دیموکراتی کوردستان یاوەری بارزانی بوون.
news_share_descriptionsubscription_contact



