Dlshad Saifaalddin Ahmed
22 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی – AA
بەرپرسی بەشی حكوومەت لە ژووری حكوومەت و پەرلەمان لە بزووتنەوەی گۆڕان، دانا عەبدولكەریم لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی دەرەنجامی گەڕی یەكەمی كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی حزبەكەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، داواكاری گۆڕان لە پارتی لە كابینەی نوێ، گەڕی دووەمی گفتوگۆكان و هەڵوێستی ناوخۆی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت قسەی كرد.
رۆژی شەممەی رابردوو، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بە گەڕی یەكەمی گفتوگۆ و دانوستانەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكوومەت كرد و لە شاری سلێمانی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەجیا كۆبوونەوە.
دانا عەبدولكەریم سەرەتا لە بارەی ئەو كۆبوونەوەیەوە دوا و گوتی: "ئەو كۆبوونەوەیە كۆبوونەوەیەكی راگۆڕینەوە بوو بۆ تێگەیشتنی هەردوولا لەسەر چۆنێتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، بزووتنەوەی گۆڕان تێبینی و سەرنجی خۆی بە شێوەیەكی ئاشكرا و روون خستووەتە روو بۆ شاندەكە، پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یش بە هەمان شێوە.
لە كۆبوونەوەی یەكەم هەردوولا تێگەیشتنی باشیان هەبووە بۆ خاڵ و تێبینییەكانی یەكتر، ئومێد دەكەین لە كۆبوونەوەی دووەم لەگەڵ پارتی كە دەچێتە ناو وردەكاری چۆنێتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت بتوانین لەسەر ئەو خاڵە سەرەكییانەی كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیانی رۆژانەی خەڵك و داهاتووی خەڵكی كوردستانەوە هەیە بگەینە رێكکەوتن تا بتوانین حكوومەتێكی بەهێز دروست بكەین".
بەرپرسی بەشی حكوومەت لە بزووتنەوەی گۆڕان هەروەها گوتی: "ئەگەر لەسەر ئەو خاڵانە نەگەینە رێکكەوتن، ئەوكات رەنگە بزووتنەوەی گۆڕان بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرێت و لە رێگەی فراكسیۆنەكەی خۆی لەناو پەرلەمان بەرگری لە مافەكانی خەڵك بكات".
ئەو لە بارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆكانەوە دوا و گوتی: "تا ئێستا بەوردی نەچووینەتە ناو وردەكاری پێكهێنانی حكوومەت، ئێمە باسمان لەوە كردووە كە پێویستە حكوومەتی هەرێم لە پێش هەموو شتێك بیر لەوە بكاتەوە ژیان و بژێوی خەڵك باشتر بكات و ئابووری هەرێم بەرەو بەهێزی ببەینەوە، هەروەها بتوانین كارێك بكەین كە لە شەش مانگی یەكەم یان ساڵی یەكەمی تەمەنی حكوومەتەكەدا گۆڕانكارییەكی باش لە باشتركردنی بژێوی خەڵك رووبدات".
دانا عەبدولكەریم ئەوەشی گوت "چەند پرسێك هەیە كە بەلای گۆڕانەوە پرسی گرنگن، لەوانەش پرسی تەواوكردنی دەستووری هەرێم و دانانی دەستوورێكی باش كە بتوانین حكومڕانییەكی باش لە ئەنجامی ئەو دەستوورەوە بەدی بهێنێت، ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە بژێوی خەڵك و شێوازی حوكمڕانی و بە دامەزراوەییكردنی هەرێم و بە نیشتمانیكردنی دامەزراوە گرنگەكانی ناو هەرێم خاڵی گرنگی گفتوگۆی نێوان ئێمە و پارتی دەبێت".
بەرپرسەكەی بزووتنەوەی گۆڕان باس لەوە دەكات، ئامانجی حزبەكەی بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت، جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە كە لە میانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەڵێنیانداوە بە دەنگدەرانیان بۆ جێبەجێكردنی.
سەبارەت بە مەرجی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لایەنەكانی بەشدار لە حكوومەتی نوێ كە لە زاری بەرپرسانی ئەو حزبەوە راگەیەندراوە بەوەی دەبێت تا كۆتایی تەمەنی حكوومەت لە كابینەكەدا بمێننەوە، دانا عەبدولكەریم لە وەڵامدا گوتی: "لە كابینەی پێشووی حكوومەت بزووتنەوەی گۆڕان كودەتای بەسەردا كرا و بە زۆر لە حكوومەت كراوەتەوە دەرەوە، گۆڕان ماوەی ساڵێك و سێ مانگ لەناو حكوومەتدا بووە، باقیەكەی تری كە لەناو حكوومەت نەبووە بە زۆری هێز بووە، بەپێچەوانەوە لە كاتی شەڕی داعش رێگری لە وەزیری پێشمەرگە و سەرۆكی پەرلەمان دەكرێت بگەڕێنەوە سەر كارەكەی خۆیان چی ناو دەنێیت، ئەوە شتێك نەبووە كە گۆڕان لە نیوەی رێگادا پارتی بەجێبهێڵێت، بەپێچەوانەوە پارتی رێگریكردووە لەوەی تیمی حكومی گۆڕان بەردەوام بێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكەی".
ئەو هەروەها گوتی: "ئێمە نیازمان ئەوە نییە كە بەرنامەیەك لەگەڵ پارتی لەسەری رێكکەوتین لە نیوەی رێگادا لێی بێینە دەرەوە، بەڵكو نیەتی ئەوەمان هەیە تا سەر و تا چوار ساڵی داهاتوو هەموو بەرنامەكە جێبەجێ بكەین و بەخەڵك بڵێین لەسەر ئەم بەرنامە و خاڵانە رێكکەوتین و جێبەجێشمان كرد".
ئەوەی باسی لێوە دەكرێت لە گفتوگۆ و دانوستانەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكوومەت، داواكاری بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران، بەڵام بەرپرسەكەی گۆڕان جەخت دەكاتەوە لەوەی تا ئێستا گفتوگۆیان لەسەر وردەكاری پۆستەكان نەكردووە.
لە بارەی دوایین بڕیاری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت یان بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون، بەرپرسی بەشی حكوومەت لەو حزبە گوتی: "ئۆرگانە جیاجیاكانی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ بابەتەكە ئامادە كردووە، دواتر ئەنجامی گفتوگۆكان و هەڵسەنگاندنی ئۆرگانە جیاجیاكان دەچێتەوە بەردەم جڤاتی نیشتمانی و بڕیاری كۆتایی ئەوە دەدرێت كە بەشداری حكوومەت دەكەین یان نا، بەڵام تا ئێستا لێكتێگەیشتنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداریكردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكوومەت تێگەیشتنێكی ئیجابییە، هەروەها گۆڕان دەیەوێت ئەگەر بەشداری حكوومەت بكات بەشدارییەكەی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بشكێتەوە و بچێتە چوارچێوەی دروستكردنی حوكمڕانییەكی باشەوە".
ئەو بەرپرسەی گۆڕان باسی لەوەش كرد کە لە هەڵسەنگاندنی ئۆرگانە جیاجیاكانی ناو حزبەكەی، بەشێكی لەگەڵ ئەوەیە بەرەو ئۆپۆزسیۆن بوون هەنگاو بنێن، بەڵام بەشی زۆری هەڵسەنگاندنەكان پشتگیری بەشداریكردنی گۆڕان لە حكوومەت دەكەن.
بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان ژمارەی كورسییەكانی بۆ نیوە كەمبوویەوە و تەنها 12 كورسی بەدەست هێنا.