هەولێر
سێیەمین کاروانی پێشمەرگە گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەو کاروانە پێکهاتبوو لە 150 پێشمەرگە و لە 16 كانوونی دووەمی 2015 رۆیشتبوونە كۆبانێ.
ئەوەی جیاواز لە جارانی پێشوو بوو، هێزەکانی پێشمەرگە ئەمجارە شەهیدێکیان هەبوو و بنەماڵەکەی بۆ پێشوازی لە هاوڕێیانی کوڕە شەهیدەکەیان هاتبوونە پێشوازی.
نێچیرڤان ئەکرەم برای شەهید زێرەڤان ئەکرەم لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شانازییە بۆ ئێمە کە براکەمان یەکەم شەهیدی پێشمەرگەیە لە کۆبانێ و بۆ بەرگریی لە پارچەیەکی دیکەی کوردستان رۆیشتبوو. ئێمە ٣ براین و هەموومان بۆ ئازادکردنی هەر چوار پارچەی کوردستان ئامادەین".
دکتۆر عێزەدین تەمۆ کە ئەفسەرێکی پێشمەرگەیە و لەگەڵ تیمەکە چووبۆ کۆبانێ رایگەیاند: "ئێمە 122 رۆژە لە کۆبانێم. سەربەرزم بە چوونم بۆ کۆبانێ. ئەمڕۆ 6 شەڕڤانی کورد کە شەهید بوون، ناشتوومن. لە کۆبانێ هیچ جیاوازییەک لەنێوان حزبەکان نییە. هاونی دوژمن پێشمەرگە و شەڕڤان لێک ناکاتەوە".
دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لە 22 تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بڕیاری دا ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ پشتیوانی كردن لە ھێزەکانی كوردی بچنە كۆبانێ، لە 28 تشرینی یەكەمی 2014 كاروانێكی ھێزی پێشمەرگە كە پێكھاتبوون لە 150 پێشمەرگە بە نێو خاكی توركیاوە بەرەو كۆبانێ رۆیشتن.
دوای تێپەربوونی دوو مانگ لە 3ی كانوونی یەكەمی 2014 دووەمین كاروانی ھێزەكانی پێشمەرگە گەیشتنە شاری كۆبانێ. سێیەمین كاروانیش كە ئەوانیش بە ھەمان شێوە پێكھاتبوون لە 150 پێشمەرگە لە 16 كانوونی دووەمی 2015 چوونە كۆبانێ.
دوێنێ چوارەمین كاروانی پێشمەرگە گەیشتە كۆبانێ و ئەمڕۆش كاروانی پێشوو لە رێی فڕۆكەخانەی گاپ ئورفاوە گەیشتنەوە ھەولێر.