ئەنقەرە
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لەمیانەی بەشداری كردنی كۆنگرەی نائاسایی لقی گەنجانی ئاكپارتی وتارێكی پێشكەش كرد. داودئۆغڵو لە وتارەكەیدا رایگەیاند" قۆناغی 28ی شوبات سیمبولی توركیای كۆن بوو ئەمڕۆ سەبارەت بە سیمبولی توركیای نوێ سێ پێشھاتەی گرنگتان پێ رادەگەیەنم".
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا یەكێك لەو خاڵانەی كە دەیەوێت باسی بكات قۆناغی چارەسەرییە، سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند لە 28ی شوباتدا جیاوازی لە نێوان ھاووڵاتییانی توركیا دەكرا. جیاوازی لە نێوان سەركۆت و حیجابدا دەكرا، جیاوازی لە نێوان لەھجە و كولتوور و نەریتدا دەكرا. بەڵام ئەو جیاوازیانەی ھەبوون لە توركیای نوێدا جیگەیان نابێتەوە. توركیا دوای قۆناغی چارەسەریی رووبەڕووی چەندین پرس بووەتەوە لە بارەی قۆناغەكە داودئۆغڵو دەڵێت ئەو قۆناغەی كە بۆ برایەتی تاكەكانی ئەو كۆمەڵگایە دەستی پێكرد هەنووکە چەندین پێشھاتەی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە. جەختی لەوەش كردەوە گەنجەكانی توركیا لەمەودا لە چیا و لە كوچە و كۆڵانەكاندا رووبەڕووی یەكتر ناوەستنەوە. داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەكرد كە ئەو گەنجانە وەكو سەردەمی سەڵاحەدین ئەیوبی، ئاڵئارسلان شان بەشانی یەكتر بەرەو داھاتوو ھەنگاو دەنێن".
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو گوتیشی: "دوای وتارەكەی سەركۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان 2005 لە دیاربەكر پێشكەشی كرد قۆناغی چارەسەریی دەستی پێ كرد. دوای ئەو چەندین كۆسپ و كێشە رووی تێكرد ئینجا گەیشتینە ئەم رۆژە. گوتیشی" لەمەودا لە نێوان تاكەكانی ئەم وڵاتەدا توخمی جیاكەری وەكو تورك، كورد، سوننە و عەلەوی ناچێنرێت. زمانی توندوتیژی و چەك لە توركیا كۆتایی پێدێت و رێی سیاسەتی دیموكراسی دەكرێتەوە.
ناوبراو راشیگەیاند لەمەوبەدوا جەرگی ھیچ دایكێك بە كوژرانی منداڵەكانیانەوە ناسووتێت و ھیچ گەنجێكی ئەو وڵاتەش لەبەر ھیچ ھۆكارێك ناچێتە شاخ و بە زمانی توندوتیژی و نەفرەت دژایەتی یەكتر ناكەن. ھاوكات چاڵاكییەكانی جیاکاریی و جیاخوازیی دەخرێنە ژێر پێ و رێگەیان لێ دەگیرێت كەس لە كەس بە گەورەتر یان بەرزتر نیشان نادرێت".