Hamit Hüseyin
03 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2016
ئەمڕۆ یەكشەممە لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە ریچارد چارنێسكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەورووپا كرد.
بەپێی ھەوالێكی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەورووپا خۆشحاڵی خۆی لە رەخساندنی دیدارەكە دەربڕی بۆ ئەوەی چاوی بە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بكەوێت و لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و كوردستان بێت. ھەروەھا ستاییشی بارزانی و گەلی كوردستانی كرد بەھۆی ئەو پێشكەوتنەی كە لە بیست ساڵی رابردوودا لە كوردستان ھاتووەتە ئاراوە و كوردستانی بە توخمێكی كاریگەر لە قەڵەمدا لە سەقامگیری ناوچەكە و رایگەیاند كە بەبێ كوردستان چارەسەری ئاشتیانە لە ناوچەكەدا بەدی ناھێت.
لە درێژەی قسەكانیدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەورووپا ئەوەی خستەڕوو كە زۆر پێویستە ئەورووپا و جیھان ئاگاداری راستییەكان و رۆڵی كوردستان بن لە سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكە و پشتگیریی خۆیشی نیشاندا بۆ فراوانكردنی ھەوڵەكانی وڵاتانی ئەورووپا بۆ پشتیوانیكردنی كوردستان لە رووی ئابووری و مرۆڤییەوە.
جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەوروپا وێڕای ئەوەی پێزانینی بۆ كولتووری پێكەوەژیانی گەلی كوردستان ھەبوو، دەستخۆشی لە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ھێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و ھەروەھا پاڵپشتیكردن و پاراستنی مەسیحی و پێكھاتەكانی دیكە لە ھەڕەشەكان و ھەروەھا پەنادانیان.
لەبەرانبەردا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی سوپاسی ھەڵوێستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەورووپای كرد و باسیی لە ئازار و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان كرد لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو لە پێناو ئازادی و پاراستنی ناسنامە وھەروەھا لە سەرەتای سەدەی پێشوودا بەبێ وەرگرتنی رای گەلی كوردستان واقعێكی تاڵ و پڕ لە زوڵم و ئینكار بەسەر گەلەكەماندا سەپێنرا بەڵام گەلی كوردستان لەبەرانبەر ئەو واقعە خۆی بەدەستەوە نەدا و خۆی پاراست و ئێستایش گەلی كوردستان بەشێوازی ئاشتیانە و دیالۆگ بەرەو مسۆگەركردنی مافە رەواكانی ھەنگاو دەنێت.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی باسی لە دڕندەیی و وەحشیگەری تیرۆریستانی داعش و مەترسیان لەسەر كۆی مرۆڤایەتی كرد و ھێمای بەوەدا كە بە شانازییەوە پێشمەرگە توانی داعش لە كوردستان تێكبشكێنێت و پاراستنی خوشك و برا مەسیحییەكان و پێكھاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی تری بە ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانی گەلی كوردستان وەسف كرد. ھەروەھا ئاماژەی بە تێچوونی ماددی و مرۆڤی شەڕ و میوانداری ئاوارەكان و گرفتە ئابوورییەكانی ھەرێمی كوردستان دا و داوای كرد كە وڵاتانی ئەورووپایی لە یارمەتیدانی ئاوارەكان ھاوكاریی كوردستان بكەن.