Kosar OSMAN
03 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2016
شرناخ
وەزیری بازرگانی و گومرگی تورکیا بولەنت توفەکچی گوتی خاڵی سنووریی خابوور کە ماوەیەکە بەهۆی شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکە داخراوە، بەیانی دەکرێتەوە. ناوبراو هەروەها گوتی کەسانێک هەن یاری بە رزق و قووتی خەڵک دەکەن و گەلی تورکیا باش دەزانێت کێ هۆکاری ئەم بارە ناخۆشەیە.
توفەکچی بە مەبەستی هەنگاونان لەمبارەوە دیدارێکی لەگەڵ پارێزگاری شرناخ عەلی ئیحسان سو سازدا و باسیان لەو 2 هەزار و 500 بارهەڵگرە کرد کە ماوەیەکە لە خاڵە سنوورییەکە چاوەڕێی کرانەوەی گومرگن.
دوای دیدارەکە توفەکچی بۆ رۆژنامەوانان لەبارەی کرانەوەی دەروازەی خابوور بەمشێوەیە دوا :"پێشەکی داوا لە خوای گەورە دەکەم لە شەهیدانی رووبەرووبوونەوەی سلۆپی و جزیر ببەخشێت. ئەم دەروازەیە لە ناردەنیی ساڵی 2015 کە بە بڕی 8.5 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، رۆڵێکی گرنگ و سەرەکیی بینیوە. زۆربەی مەڵبەندە بازرگانییە گەورەکانی تورکیا بەم دەرگایەوە دەبەسترێنەوە. تایبەت ئەو بەرهەمانەی دەنێردرێنە عێراق، بەشێکی زۆری ئەم رێژەیە پێکدەهێنن.
پەنا بەخوا لەم چەند رۆژەدا بەیانی دەروازەکە دەکرێتەوە. هەوڵدراوە رەوشی ئاسایش بپارێزرێت. بەپێی ئەو پلانەی دامانڕشتووە رۆژانە 500 بارهەڵگر دەچێتە عێراق و 750 بارهەڵگریش لە عێراقەوە دەچێتە تورکیا. "