Zana Natık Kerem
04 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2017
كەركووك ــ AA
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجە، فەریق روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا رایگەیاند كە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوەندی قەزای حەویجە و ناحیەی ریاز سەربە پارێزگای كەركووك، دەستی پێكرد.
لە بەیاننامەیەكدا، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا ئاماژەی بەوە داوە كە هێزەكانی سوپا، پۆلیسی فیدرال، سوات و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوەندی قەزای حەویجە، ناحیەی ریاز و گوند و ناوچەكانی دەورووبەریان لە باشووری رۆژئاوای كەركووك، دەست پێكرد.
عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا راشیگەیاندووە كە ئۆپەراسیۆنەكە لە چوارچیوەی لاپەڕەی دوو لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە دەستی پێكراوە.
دوێنێ سێشەممە، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجە سەربە پارێزگای كەركووك كۆتایی هات، ئەوەش دوای ئەوەی هێزە عێراقییەكان سەرجەم گوندەكانی باكووری رۆژهەڵاتی قەزاكەیان كۆنتڕۆڵكردەوە.
هەر دوێنێ ئەفسەر لە پۆلیسی فیدرال، رائید موحسن ئەسەدی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاندبوو كە قۆناغی سێیەم و كۆتایی، تایبەت دەبێت بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوەندی قەزای حەویجە و ناحیەی ریاز.