Fahrettin İbrahim
04 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2016
ئەردۆغان:
- لە ناوچەکەمان لە یەک کاتدا هەوڵی کودتا و پەرەسەندنی رووداوە تیرۆریستییەکان واتادارە و وەک وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ پێویستە هەڵوێستی هاوبەشمان هەبێت.
- داواکارین لە باشووری وڵاتەکەمان هێڵێکی تیرۆریستی پێکنەهێنرێت. بۆ ئەم مەبەستەیش تورکیا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە دیالۆگ دایە و هەوڵی بۆ دەدات. پێشمان وایە کە لەم هەوڵانەماندا سەرکەوتوو دەبین.
- بەڵگەنامە پێویستەکانمان دەربارەی کودتای 15ی تەمووز پێشکەش بە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە و ئەوان کاری لەسەر دەکەن.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "لە ناوچەکەمان لە یەک کاتدا هەوڵی کودتا و پەرەسەندنی رووداوە تیرۆریستییەکان واتادارە و وەک وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ پێویستە هەڵوێستی هاوبەشمان هەبێت".
ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە لووتکەی G20دا کە لەشاری هانگژۆی چینی بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما دیدارێکی ئەنجام دا و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا روونکردنەوەی لەبارەی دیدارەکە دا.
ئەردۆغان سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆبامای کرد کە دوابەدوای هەوڵی کودتاکەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵا گولەن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پشتیوانی خۆی بۆ تورکیا دەربریبوو.
ئەردۆغان وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندی و هاوبەشی نێوان تورکیا و ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هاوپەیمانییە ستراتیجییە بەردەوام دەبێت و بەهێزتری دەکەن.
سەرکۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند "لە ناوچەکەمان لە یەک کاتدا هەوڵی کودتا و پەرەسەندنی رووداوە تیرۆریستییەکان واتادارە و وەک وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ پێویستە هەڵوێستی هاوبەشمان هەبێت. لەبەرامبەر ئەمەدا، ئێمە بێدەنگ نابین. لەدژی هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکان بە یەک شێوە هەڵوێستمان دەبێت. چونکە هەموو جۆرەکانی تیرۆریزم خراپە و هەموو تیرۆریستێک خراپە. تیرۆریستی باش و تیرۆریستی خراپمان نییە. هەموو خراپن و هەموو نەفرەتلێکراون و دژی هەموو ئەوانە هەڵوێستمان دیارە".
ئەردۆغان وێڕای جەختکردنەوە لە بەردەوامی خەباتیان دژبە رێکخراوە تیرۆریستییەکان داعش، پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە لە سووریا و عێراق گوتی: "داواکارین لە باشووری وڵاتەکەمان هێڵێکی تیرۆریستی پێکنەهێنرێت. بۆ ئەم مەبەستەیش تورکیا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە دیالۆگ دایە و هەوڵی بۆ دەدات. پێشمان وایە لەم هەوڵانەمان سەرکەوتوو دەبین.
- هەردوو وەزیری ناوخۆ و داد سەردانی ئەمریکا دەکەن
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵەکان لەبارەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵاچی لە چوارچێوەیەکی یاساییدا بەردەوامە و گوتی: "بەڵگەنامە پێویستەکانمان دەربارەی کودتای 15ی تەمووز پێشکەش بە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە و ئەوان کاری لەسەر دەکەن. شاندێک بۆ ئەم مەبەستە ئێستا گەیشتوونەتە ئەمریکا. بڕیاریشە شاندێک لە هەردوو وەزیری داد و ناوخۆی تورکیا سەردانی ئەمریکا بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی کار لەسەر ئەم دۆسیەیە بکەن".
ئەردۆغان لە کۆتاییدا هیوای خواست کە لووتکەی G20 ببێتە مایەی خێروخۆشی بۆ مرۆڤایەتی.