Hakan Çopur
14 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2021
واشنتۆن- AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بلینکەن، بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، یایر لاپید و وەزیری دەرەوەی ئیمارات، عەبدوڵڵا بن زەید نەهیان، کۆبووە و مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکانیش دوایین رەوشی "ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس، راگەیەندراوێکی دەربارەی کۆبوونەوەکانی بلینکەن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئیسرائیل و ئیمارات لە شاری واشنتۆن، بڵاوکردەوە.
پرایس، لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوە کردوە کە ئەم کۆبوونەوانە دوای تێپەڕینی ساڵێکە بەسەر رێککەوتننامەی "ئیبراهیم" و تیایاندا ئانتۆنی بلینکەن، ئەوەی خستوەتەڕوو کە ئەمریکا پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات و پاڵپشتی ئەو هەنگاوە کردارییانەش دەکات کە بە ئەندازەی ئیسرائیلییەکان کار بۆ باش کردنی ژیانی فەڵەستینییەکانیش دەکەن.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەربارەی پرسی ئێران و چەند بابەتێکی دیکەی هەرێمیش گفتوگۆی لەگەڵ لاپید کردووە و جەختیشی لە پشتیوانی بەهێزی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل کردووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئیماراتییەکەی سوپاسی ئیماراتی کردووە بۆ میوانداری ئەو هاووڵاتییانەی کە لە ئەفغانستان-ەوە گوازراونەتەوە.
بەهەمان شێوە بلینکەن ستایشی هەوڵەکانی ئیمارات-ی بۆ نەهێشتنی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن تا ساڵی ٢٠٥٠ کردووە و هەردوو وەزیر دەربارەی گرنگترین بەرەوپێشچوونەکانی "ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"یش دواون.