Rewa Mahmut Hasan
25 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2016
سەرۆكی رووسیا چاوی كەوت بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری.
دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری بەسەردانێك گەیشتە رووسیا، لە كۆشكی كرملین چاوی كەوت بە سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین و پێشتریش لەگەڵ هاوتا رووسیەكەیدا كۆبوویەوە. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كیری ئاماژەی بەوەدا كە لە كۆبوونەوەكەیاندا باسیان لە قەیرانەكانی سووریا و ئۆكراینا و پەیوەندیە دوو قۆڵیەكان كردووە.
كیری ئاماژەی بەوە دا كە لەگەڵ پوتیندا خاڵی هاوبەشیان دۆزیوەتەوە.
كۆبوونەوەی پوتین و كیری بۆ ماوەی چوار سەعات بەردەوام بوو دوور لەچاوی كامێراكانەوە. دوای كۆبوونەوەكەش كۆنگرەیەكی رۆژنامەی رێكخرا.
سەرەتا كیری ئاماژەی بەوەدا كە كۆبوونەوەكە ئیجابی بووە و باسیان لەو هەنگاوانە كردووە كە بۆ هێنانە كایەی ئاگربەستێكی هەمیشەیی لە سووریا پێویستە بنرێن هەروەها رایگەیاند كە حكوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆن رێككەوتوون لەسەر گۆڕینەوەی دیلەكان.
كیری ئاماژەی بەوەش دا كە لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لە رەوشی ئەو فڕۆكەوانە ئۆكراینیە كردووە كە لەلایەن دادگایەکی رووسیاوە بڕیاری زیندانی كردنی بۆ ماوەی ٢٢ ساڵ بەسەردا سەپێنراوە.
كیری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لە كاتێكی دیاری كراودا دەشێت نادیجدا ساڤچینكۆی فڕۆكەوان ئازاد بێت.