Mohammed Baqi Hussein
25 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2016
وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا بێرنارد كازنیوڤ، دەستبەسەركردنی كەسێكی ئاشكرا كرد كە ئامادەكاری دەكرد بۆ كردەیەكی تیرۆریستی لە پاریسی پایتەخت.
كازنیوڤ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد كە لە ناوچەی ئارگێنتویلی باكووری پاریس رێگری لە پەلامارێكی گەورە كراوە و كەسێكیش دەستگیر كراوە.
ناوبراو رایگەیاند كەسەكە هاووڵاتی فەڕەنسایە و ئەو شوقەیەی لێی نیشتەجێیە بەخێرایی چۆڵكراوە و تیمەكانی پووچەڵكردنەوەی بۆمب نێردراونەتە شوێنەكە.
كازنیوڤ ئاماژەی بەوە دا كە كەسەكە بە هەوڵێكی چەند هەفتەیی دەستبەسەركراوە و گوتی: "لە ئۆپەراسیۆنەكەدا هەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگرییەكانی ئەورووپادا كرا. ئەو هێرشە ئامانجی وەشاندنی گورزێكی مەزن بوو لە وڵاتەكەمان".
ناوبراو ئاشكراشی كرد لە سەری ساڵەوە تا ئێستا لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا 75 كەس دەستگیركراون. ئاماژەی بەوەیش دا كە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكیان لەسەر بوونی پەیوەندی نێوان پەلامارەكانی پاریس و پەلامارەكانی برۆكسل نەدۆزیوەتەوە.