Mazın Asad
25 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2016
ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند بەھۆی دەیان ھێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر بانکی ئەمریکا و بەنداوێکی ویلایەتی نیویۆرک لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٣دا دۆسییەیەک دەربارەی حەوت ھاککەری ئێرانی کردەوە.
وەزیری دادی ئەمریکا، لۆریتا لینچ و سەرۆکی ئیف بی ئای، جێمز کۆمی لەم بارەیەوە بەشداری کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی کرد.
دادگای فیدراڵی نیویۆرک ستی دۆسییەکی لە دژی ئەو ھاکەرانە کردەوە کە بە "ھاککەری ئێرانی بەئەزموون" وەسفیانی کردووە.
وەزیری دادی ئەمریکا، لۆریتا لینچ ئاماژەی بەوە دا کە بەھۆی ھێرشە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەیان ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووری ئەمریکا گەیشتووە و گوتیشی: "ھیچ کەسێک، گرووپێک یاخود وڵاتێک ناتوانێت رێگری لە کۆمپانیاکانی ئەمریکا بکات و زیان بە بازاڕی بازرگانی ئازاد بگەیەنێت".
سەرۆکی ئیف بی ئای، جێمز کۆمی لەم بارەیەوە روونی کردەوە کە ھاککەرەکان لە ھەر کوێیەک بن، دەستبەجێ دەیدۆزنەوە و زیاتر گوتیشی: "ھاککەرەکان وەک ھێرشە ئەلیکترۆنییەکانی پێشوو وادەزانن کە کاتێک بەنھێنێ ھێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر کۆمپانیاکانمان ئەنجام دەدەن، باجەکەی نادەنەوە".
لە دۆسییەکەدا ٤٦ کۆمپانیای ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو ھاککەرانە ھێرشی ئەلیکترۆنیان بۆ کۆمپانیاکانیان ئەنجام داوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤دا لە ھێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر وڵاتەکەیدا وڵاتی چینی تۆمەتبار کردبوو. ساڵی رابردووش ئیف بی ئای لە ھێرشێکی دیکەدا کۆریای باکووری تۆمەتبار کردبوو.
جێگەی باسە ئیدارەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی دابەشکردنی بوودجەدا، بڕی ١٩ ملیار دۆلاری بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی بۆ ساڵی ٢٠١٧ تەرخان کرد.
%2F20160324_2_14938268_6622149.jpg)