Mazın Asad
02 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2017
واشنتۆن - AA
بە زۆرینەی دەنگی سیناتۆرەکان، کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، رێکس تیلەرسن-ی وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەسەند کرد.
پرۆسەی دەنگدانی کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر پاڵێوراوی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە کۆی ٥٦ دەنگی بەڵێ بەرامبەر ٤٣ دەنگی نەخێر پەسەند کرا و تیلەرسۆن وەک وەزیری دەرەوەی نوێی ئەمریکا دەستنیشان کرا.
ھەفتەی رابردووش لە ئەنجامی دەنگدانی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگریس، تیلەرسن تەنھا بە جیاوازی دەنگێک پەسەند کرابوو.
پۆستی وەزیری دەرەوە لە کابینەی ترەمپ یەکێکە لە پۆستە ھەرە گرنگەکان کە پێشبینی دەکرێت تیلەرسۆن لە ماوەیەکی کورتدا سوێندی یاسایی بخوات و دەستبەکار بێت.
تیلەرسن بەھۆی بوونی پەیوەندی نزیکی لەگەڵ رووسیا، ماوەیەکی دوورودرێژە مشتومڕی لە لایەن رای گشتی ئەمریکا دروستکردووە. ناوبراو بە ئاکتۆرێکی گرنگی وزەی جیھان دەناسرێت.
تیلەرسن دوای ئەوەی لە لایەن دۆناڵد ترەمپ-ەوە وەک پاڵێوراوی وەزیری دەرەوە دەستنیشان کرا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل راگەیاندبوو.