Rewa Mahmut Hasan,Mazın Asad
20 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2017
واشنتۆن-AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە پنتاگۆن لەگەڵ وەزیری بەرگری وڵاتەکەی، جەیمس ماتیس و سەرۆک ئەرکانی سوپا، جۆزیف دانفۆرد و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای وڵاتەکەی کۆبوویەوە بۆ تاوتوێ کردنی دوایین دۆخی ئەفغانستان و پرسی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا.
لە سەردانەکەی ترەمپدا بۆ پنتاگۆن هەریەک لە وەزیری گەنجینە، ستیڤ موموشین، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن یاوەری ناوبراویان دەکرد.
ترەمپ لە کاتی چوونە ژوورەوەی لەبەردەم بیناکەدا لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و لەبارەی ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان گوتی: "دەیبینن زۆر بەباشی دەڕۆین لە دژی داعش. داعش بەخێرایی دەکەوێت. زۆر بەخێرایی".
لەدوای کۆبوونەوەکەش گوتەبێژی پنتاگۆن، دانا وایت لێدوانێکی کورتیدا و ئاماژەی بەوەدا کە لە ژووری تانک لەنێو پنتاگۆندا دوو کاتژمێر کۆبوونەوەیەکی تایبەتمان ئەنجامدا، باسمان لە هەرەشەکانی سەر ئەمریکا و جیهان کرد و باسمان لە هەلەکانیشمان کرد.
وایت ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بەرەنگاربوونەوەی داعش، پرسی تاقیکردنەوەی مووشەکی کۆریای باکوور، دوایین رەوشی ئەفغانستان و ھەڕەشەکانی سەر ئەمریکا کراوە.
گوتەبێژی پنتاگۆن روونیشیکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا ھیچ بڕیارێک دەرنەکراوە و راشیگەیاند بەم نزیکانە پلانی ستراتێژی لەبارەی ئەفغانستان ئاشکرا دەکەن.
-چاوەڕێی پلانی نوێی ئەفغانستان دەکرێت
مانگی رابردوو ماتیس لە گوتەیەکی لە کۆنگرێسی ئەمریکا، رایگەیاندبوو کە پنتاگۆن کار لەسەر پلانێکی ستراتێژی نوێ بۆ ئەفغانستان دەکات و لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزیش ئەو کارە تەواو دەکەن.
زۆرێک لە بەرپرسانی ئەمریکا، شەڕی ئەمریکا لە ئەفغانستان وەک "کۆڵانی داخراو" ناوزەند دەکەن و دەنگۆی ئەوە ھەیە کە ئیدارەی ئەمریکا بە مەبەستی دروستکردنی ھاوسەنگییەک لەگەڵ سوپای ئەفغانستان، چوار ھەزار سەربازی دیکە رەوانەی ئەو وڵاتە بکات. ھاوکات ئاماژە بەوە دەکرێت ئەمریکا داوای لە ھاوپەیمانانی لە ناتۆ کردووە کە سەربازی زیاتر رەوانەی ئەفغانستان بکەن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دوێنێ کاتێک کۆبوونەوەیەکی داخراوی لەبارەی ئەفغانستان ئەنجامدا، ماتیس و تیلەرسن و دانفۆرد لە کۆنگرێسی ئەمریکا روونکردنەوەیان لەبارەی دوایین هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش و ئەفغانستان کرد.