کارنامەی سەردانەکەی سەرکۆمار ئەردۆغان بۆ سعوودیە ئابووریی و وەبەرهێنان دەبێت
Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی کاری تورکیا-سعوودیە لە ئەنجوومەنی پەیوەندیە ئابوورییەکانی دەرەوە (DEİK)، هاشم سونگو ئاماژەی بەوە کرد کارنامەی سەرەکی سەردانەکەی سبەی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و شاندی خاوەنکارانی یاوەری بۆ سعوودیە زیادکردنی قەبارەی بازرگانیی، هاندانی وەبەرهێنانی دووقۆڵیی و قووڵ کردنەوەی هاریکارییەکانی کەرتی تایبەت دەبێت.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، سونگو ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە سبەی سەرکۆمار ئەردۆغان بە یاوەری شاندێکی خاوەنکارانی تورک سەردانی سعوودیە دەکات و، دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدات.
سونگو باسی لە نزیکبوونەوەی هەردوو وڵات کرد لە بوارەکانی ئابووریی، سیاسیی و بوارە هاوشێوەکانی دیکە و، ڕایگەیاند: "سەردانەکەی سەرکۆمارمان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سعوودیە، نیشانەیەکی بەهێزی ئەو ئیرادەیەیە کە دەیەوێت پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەت لە ڕەهەندی ئابووریی و وەبەرهێناندا بگەیەنێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر. کارنامەی سەرەکی سەردانەکە، گەیشتنە بە ڕێککەوتنی نوێ، زیادکردنی قەبارەی بازرگانیی، هاندانی وەبەرهێنانی دووقۆڵیی و قووڵ کردنەوەی هاریکارییەکانی کەرتی تایبەتە".
هاشم سونگو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئامانجەکانی "دیدگای ٢٠٣٠"ی سعوودیە لەگەڵ تواناکانی تورکیا لە بوارەکانی پیشەسازیی و تەکنەلۆجیادا هاوتان و، ئەم سەردانە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی پڕۆژەی وەبەرهێنانی نوێ.
هەروەها سونگو ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە قەبارەی بازرگانیی نێوانیان گەیشتووەتە هەشت ملیار دۆلار، بەڵام پێویستە بۆ درێژخایەن بگەیەنرێتە ٣٠ ملیار دۆلار، ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی وەبەرهێنانی هاوبەش، بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و بەهێزکردنی پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانی نێوان خاوەنکارانی هەردوو وڵاتەوە دێتە بەدی.
سونگو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بوارەکانی وەک وزە، بیناسازی و پیشەسازی بەرگریی دەرفەتی گەورەی هاریکاریان تێدایە و، پرۆژە گەورەکانی سعوودیە وەک نیۆم و قیددییە هەلی کار بۆ کۆمپانیا تورکییەکان دەڕەخسێنن، گوتیشی: "پێموایە لە ڕێگەی وەبەرهێنانی دووقۆڵیی و هاوبەشی ستراتیجییەوە، پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان دەگەنە ئاستێکی گشتگیر و بەردەوام".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
