Azat Muhemmet
08 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2017
هەولێر – AA
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ئیبراهیم برۆ رایگەیاند "پەیەدە/پەکەکە لە ترسى هەڵوەشاندنەوەیان وەک هەڕەشەیەک لەبەردەم رەوتى دیموکراتى، سیاسەتى کوشتن، گرتن و ئەشکەنجەدان لە سووریا پەیڕەو دەکات، پێنج ساڵى رابردوو چەندین نموونەى لەو شێوەیەمان هەبووە".
ئیبراهیم برۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەمریکا باشتر لە ئێمە دەزانێت کە پەیەدە، پەکەکەیە. ئەمریکا دەیەوێت چەکدارانى پەیەدە دژ بە داعش بەکاربهێنێت، ئەگەر بابەت شەڕى داعش بێت، گومانى تیادا نییە هەمووان دەمانەوێت شەڕى تیرۆریستانى داعش بکەین، بەڵام بەداخەوە ئەو هاوکارییە سەربازییانەى ئەمریکا کە بە پەیەدە/پەکەکە دەدرێت دژ بە خەڵکى ناوچەکە بە تایبەت دژ بە کورد بەکاردەهێندرێت، ئەمریکاشمان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە کە ئەمە سیاسەتێکى هەڵەیە ئەمریکا هاوکارى سەربازى بە پەیەدە دەدات".
- رەوشى سووریا
لەبارەى دواین دۆخى سووریا سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ئیبراهیم برۆ گوتى: "دۆخى سووریا بە گشتى وەک پێویست نییە و تا ئێستا هیچ چارەسەرێکى سیاسى بۆ کێشەکان نەدۆزراونەتەوە، هەرچەند لە چەند شوێنێک شەڕ راگیراوە، بەڵام بە گشتى ئەو ناوچە کوردییانەى لە سووریا لەژێر دەسەڵاتى پەیەدە/پەکەکەدان لە دۆخێکى زۆر خراپدان، پەیەدە تاکڕەوانە لە سووریا کارەکانى دەکات و سیستەمى پارتى ستالینى پەیڕەو دەکات، رێچکەى عەبدوڵڵا ئۆجەلان-یان گرتووە ناتوانن هیچ کارێکى هاوبەش لە سووریا بکەن، چونکە دەترسن سیستەمى دیموکراتى هاوبەش سیستەمە دیکتاتۆرییەکەى پەیەدە/پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە، بەم سیاسەتە تاکڕەوییانە سووریا لە لێوارى هەڵدێربووندایە".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) باس لە پێشێلکارییەکانى پەیەدە لە سووریا دەکات و دەڵێت "لە پێنج ساڵى رابردوو پەیەدە/پەکەکە جۆرەها پێشێلکارى بەرامبەر بە هاووڵاتییان تاقیکردووەتەوە، لە پاڵ ئەوەى سیاسەتى کوشتن، گرتن و ئەشکەنجەدان و بێ سەروشوێنکردن جێبەجێ دەکات بەرامبەر بە هاووڵاتییان، سیستەمی بە چەکدارکردنی زۆرەملێشی سەپاندووە بەسەر هاووڵاتییان و هەر هاووڵاتییەک پشتگیرى رەوتى پەکەکە نەکات، بە زۆر پەڵکێشى چەکداری ناچارى دەکەن. هیچ رێگەیەک لەبەردەم گەنجان و هاووڵاتییانى سووریا و ناوچە کوردییەکان نەماوە، یان دەبێت چەک بۆ پەیەدە/پەکەکە هەڵگرن یانیش دەبێت سەرهەڵگرن و پەنا بۆ وڵاتان ببەن و ماڵ و حاڵى خۆیان جێبهێڵن، تا ئێستاش هەزاران کەس پەنایان بردووەتە بەر تورکیا و ئەورووپا".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا دەشڵێت "پەیەدە دەستى لە هەموو کاروبارەکانى ناوچە کوردییەکانى سووریا وەرداوە، تەنانەت سیستەمى پەروەردەى گۆڕیوە. هەموو کارێکمان بۆ ئەوە بوو لە قوتابخانەکان زمانى کوردى بخوێندرێت و قوتابیان فێرى پەروەردە و خوێندن بکرێن، کەچى چەکدارانى پەیەدە/پەکەکە هەڵستان دەستیان بەسەر قوتابخانەکاندا گرت، زیاتر لە هەزار مامۆستای قوتابخانەیان لە کارەکانیان دوور خستەوە و کادیر و ئەندامانى خۆیان لە شوێنى مامۆستاکانى فەرمى دانا بۆ ئەوەى هزر و ئایدۆلۆجیاى خۆیان لە مێشکى منداڵان و هاووڵاتییان بچێنن".
- رێگرییەکانى بەردەم کۆنگرەى ئەنەکەسە
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا ( ئەنەکەسە)، ئیبراهیم برۆ ئاشکراى دەکات کە پەیەدە ماوەى زیاتر لە ساڵێکە هەر جارە و بە بیانویەک بەربەست لە بەردەم بەستنى کۆنگرەى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا دروست دەکات، هەموو نووسینگە و بارەگاکانى ئێمەیان سووتاند. لە کاتێکدا کۆنگرەکانى حزبى بەعسى سووریا لە بارەگاکانى قامیشلۆ، دێرک و حەسەکە دەبەسترێت و ناتوانن بە سنووریشیان بکەون".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ئیبراهیم برۆ ئاماژەى بەوەش کرد کە مەرجى پەیەدە/پەکەکە ئەوەیە کە دەیانەوێت ئەنەکەسە مۆڵەتیان لێ وەربگرێت بۆ بەستنى کۆنگرە لە سووریا، ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئەو ئیدارەیە بە شەرعى نازانین کە پەیەدە لە سووریا دروستى کردووە، بۆیە مۆڵەتییان لێ وەرناگرین.
گوتیشی: "پەیەدە/پەکەکە لە دادگاکانى خۆیاندا بڕیارى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکردووم، گوایە من تیرۆریست و پیاو کوژم، ئامانجیان لەمەدا بۆ ئەوەیە کە هەرکاتێک بگەڕێمەوە سووریا یان دەستبەسەرم بکەن یان بمکوژن، دیپلۆماتکارانى نێودەوڵەتی منیان لە هەڕەشەکانیان ئاگادار کردووەتەوە".
- "تورکیا رێز لە خواستى گەلى سووریا دەگرێت"
ئیبراهیم برۆ باسى لە رۆڵى تورکیا کرد لە سووریا و گوتى: "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ وڵاتان و بە تایبەتى لەگەڵ تورکیا باشە، تورکیا رێز لە خواستى گەلى سووریا لە نێویشیاندا کورد دەگرێت، ئێستاش زۆرکات ئێمە دیدارمان هەیە لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى تورکیا، ئێمە وەکو کورد لە سووریا بە بەرژەوەندى خۆمان نازانین لە سنوورى نێوان تورکیا و سووریا دژایەتى تورکیا بکرێت، بۆیە دەمانەوێت بە چاوى برایەتى و هاوسێیەتى باش لەیەکترى بڕوانین".