Tevfik Durul,Muhammet Ali Kemal,Rewa Mahmut Hasan
08 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2017
سیئۆل - AA
- لەگوتارێکیدا کە لە پەرلەمانی کۆریای باشوور پێشکەشیکرد، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ وێنەیەکی رەشی سەبارەت بە کۆریای باکوور نیشاندا و پەیامی ''ئێمە بە کەم تەماشا مەکەن و تاقیمان مەکەنەوە''ی بۆ حکوومەتی پیۆنگ یانگ نارد.
- سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ:
- ''ئەوەندە دڵرەقن کە تەنانەت کارمەندانی حکوومەتیش وڵاتەکە جێدەهێڵن و قایلن بەوەی لەدەرەوەی وڵات وەک کۆیلە کاربکەن''.
- ''رژێمەکەی کیم جۆن ئون بۆ ئەوەی ئەو بێزارییەی لەنێوخۆی وڵاتەکەیدا هەیە بەلارێدا ببات، بەدوای شەڕ و پێکداداندا لە دەرەوەی وڵاتەکەی دەگەڕێت''.
لەگوتارێکیدا کە لە پەرلەمانی کۆریای باشوور پێشکەشی کرد، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ وێنەیەکی رەشی سەبارەت بە کۆریای باکوور نیشاندا و پەیامی ''ئێمە بە کەم تەماشا مەکەن و تاقیمان مەکەنەوە''ی بۆ حکوومەتی پیۆنگ یانگ نارد.
دۆناڵد ترەمپ لە وێستگەی دووەمی گەشتەکەیدا بۆ ئاسیا و لەمیانی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە کۆریای باشوور، گوتارێکی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پێشکەشکرد.
ترەمپ وێنەیەکی رەشی سەبارەت بە دۆخی کۆریای باکوور بۆ پەرلەمانتارانی کۆریای باشوور کێشا و سەبارەت بەو وڵاتە رایگەیاند: ''ئەوەندە دڵرەقن کە تەنانەت کارمەندانی حکوومەتیش وڵاتەکە جێدەهێڵن و قایلن بەوەی لەدەرەوەی وڵات وەک کۆیلە کاربکەن''.
راشیگەیاند: ''لەجیاتی بەسەربردنی ژیان لە کۆریای باکوور، تەنانەت ژیانیان وەک کۆیلە پێ باشترە. ئەوێ دۆزەخێکە کە شایەنی هیچ کەسێک نییە''.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشكرد کە دانیشوانی کۆریای باکوور ''لە برساندا دەمرن'' و سەبارەت بە دەسەڵاتەکەی کیم جۆن ئونیش رایگەیاند: ''دیکتاتۆرییەتێکی ستەمکارە''.
دۆناڵد ترەمپ پیۆنگ یانگی بە ''پێشێلکردنی مافەکان و گەندەڵی و داواکردنی ئاشتی لە نیمچە دوورگەی کۆریا لەرێگەی بەکارهێنانی هێزەوە'' تاوانبارکرد.
سەبارەت بە تاقیکردنەوە ناوەکی و بالیستییەکانی پیۆنگ یانگ، ترەمپ رایگەیاند: ''رژێمەکەی کیم جۆن ئون بۆ ئەوەی ئەو بێزارییەی لەنێوخۆی وڵاتەکەیدا هەیە بە لارێدا ببات، بەدوای شەڕ و پێکداداندا لە دەرەوەی وڵاتەکەی دەگەڕێت'' و گوتیشی: ''ئێمە بە کەم تەماشا مەکەن و تاقیمان مەکەنەوە''.